کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران بەردەوامە

10:51 - 3 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بارودۆخی نالەباری ژیانی کرێکاران وای کردووە، کە ناڕەزایەتیی ئەم چینە لە کۆمەڵگای ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرینتر بێتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی نێوخۆییە و دەرەکییەکان، کرێکارانی "کاوش" لە شارەکی پیشەییی ئەلبورزی قەزوێن و بوڵبرینگسازیی تەورێز، بە شێوەی جیاجیا لە شوێنی کارەکەیان کۆ بوونەوە.

بەڕێوبەرانی کۆمپانیای سازێنەری مەخزەنی ژێر گوشاری کاوش (سانکا)، بە بیانووی کەمبوونی سەرچاوە ماڵییەکان، لە هاتنە سەرکاری ٨٠ کرێکاری ئەو کۆمپانیایە بەرگیریان کردووە، کە ئەم کارەیان ناڕەزایەتیی و کۆبوونەوەی کرێکارانی لە بەردەم درگای هاتنەژووری کارخانەکەی لێ کەوتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی کارخانەی بوڵبرینگسازیی تەورێزیش، لە بەرانبەر دواکەوتنی ٤ مانگ مووچە و مافە پیشەیییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

کارخانەی بوڵبرینگسازیی تەورێز، ساڵی ڕابردوو، لە دەستی بەرێوبەریی کەرتی تایبەت دەرهێنراوە و لە ڕادەستی هەیئەتی پشتیوانیی لە پیشەکان کراوە، بەڵام بە وتەی کرێکارانی ئەم کارخانەیە، ئەم کارەش هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە دۆخەکە پێک نەهێناوە.

هەروەها لە شارێ ئەهوازیش، کرێکارانی قەتاری نێوشاری، بۆ دووهەمین ڕۆژە، لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبارەوە، لە هەمبەر دواکەوتنی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە دەبەن.

کرێکارانی ناڕازیی ئەهواز، لەم بارەوە وتوویانە: بەڕێوبەرانی کۆمپانیای "کیسوون" وەکوو پەیمانکارانی پرۆژەی قەتاری نێوشاریی ئەهواز، پێبەندی بەڵێنییەکانیان لە پێوەندیی لەگەڵ دانی مووچەکانیان نەبوون.

کرێکارانی تەورێز، هەروەها لە ١١ و ١٣ی سەرماوەزیشدا، لە بەرانبەر نەدانی ١٨ مانگ مووچەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو، کە پاش سێ ڕۆژ مانگرتن بەڕێوبەرانی کۆمپانیای کیسوون وادەیان بەو کرێکارانە دابوو، کە هەتا کۆتاییی مانگی سەرماوەز، بەشێک لە خواستەکانیان جێبەجێ بکەن.

کرێکاران لە کۆمەڵگای ئێران یەکێک لەو چین و توێژانەن، کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ گرنگییەکیان پێ نەدراوە و بەردەوام لە ژێر هەڵاواردنی چینایەتی و ئابووریدان، لە حاڵێکدا چەرخی بەرهەمهێنانی بوارە جۆراوجۆرە پیشەیییەکان بە ڕەنج و زەحمەتی ئەم چینە دەسووڕن.