کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران بەردەوامە

13:21 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی "کشت و سەنعەتی موغان" لە هەمبەر تایبەتییکردنی ئەم  کۆکارگەیە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە؛ بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی فوولادی ئەهوازیش دووهەمین ڕۆژی کۆبونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، زیاتر لە ٥٠٠ کرێکاری "کشت و سەنعەتی موغان"، لە بەرانبەر بینای ئیدارەی ناوەندی ئەم کۆکارگەیە، خۆپیشاندانیان لە دژی تایبەتییکردنی ئەم کۆکارگەیە بەڕێوە بردووە.

بەشداربووانی ئەم خۆپیشاندانە وتوویانە: "کۆکارگەی "کشت وسەنعەتی موغان"، بەشێکە لە ئاو و خاکی خەڵکی شاری پارساباد موغان و ژیانی خەڵکی خۆجێی ئەم ناوچەیە بەم کۆکارگەیە بەستراوە. پێشتر فرۆشتنی ئەم کۆکارگەیە هەڵوەشێندرایەوە و کرێکاران بە دووبارە ڕادەستکردنەوەی ئەم شوێنە بە دەستی کەرتی تایبەت ناڕازین".

ئەم کرێکارانە پێشتریش لەگەڵ کێشەی گوزەرانی ژیان ڕووبەڕوو بوون و ناڕەزایەتییەکانیان بە شێوازی جیاواز دەربڕیبوو. کرێکارەکان لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا بۆ جاری سێهەم بە هۆی پێنەدانی مووچەی سێ مانگیان لە بەرانبەر ئەم شیرکەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز، لەگەڵ بنەماڵەی کرێکارانی دەسبەسەرکراو، بۆ دووهەم ڕۆژ دەچێت کە لە بەردەم بینای پارێزگاری خووزستان کۆ بوونەوە.

ئەم کرێکار و بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانە بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک کە لەسەریان نووسرابوو: "شوێنی کرێکار لە کارخانەیە، شوێنی دز زیندانە" و "باوکم ئازاد بکەن" و "ڕۆڵەکەم ئازاد بکەن" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ناڕەزایەتیی کرێکاران لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، هەروەها بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەڕەشەیان لێ دەکەن و دەسبەسەریان دەکەن.