کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناکۆکی نێوان سپای پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیم بە هۆی جیاوازی بوودجە

11:24 - 28 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتی ئەرتەشی ڕێژیم لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەسیجییەکاندا، لە قاڵبی هەوڵەکانی بە وتەی ئەو"دوژمن" لە فەزا مەجازییەکاندا، پەردەی لە سەر ناکۆکییەکانی نێوان سپای پاسداران و ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە لادا.

پاسدار ڕەحیم مووسەوی، ڕۆژی پێنجشەمە ٢٧ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەسیجییەکان باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان ئەرتەش و سپای پاسدارانی ڕێژیم کرد و وتی:" یەکێک لە ناتەباییەکانمان، کە نەیارانیش دەیانهەوێ کەڵکاژۆی لێوەرگرن جیاوازی بودجەیە."

مووسەوی وتوویشیەتی: "دەوڵەت بۆ ئەرتەش لە ساڵی ٩٨دا ١٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجەی دیاری کردووە کە هەزار میلیارد تمەن لە ساڵی پێشوو کەمترە و لە بەرانبەردا ٥ هەزار میلیارد تمەن زیاترلە ئەرتەش بوودجە دراوە بە سپا کە بڕی ٢٥ هەزار میلیارد تمەنە و بەبەراورد لە گەڵ ساڵی ڕابردوو 2 قات و نیو زیادی کردووە و زیاتر لە دوو هێندەی بوودجەی ئەرتەشە.

مووسەوی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە بە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام بایەخی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاردا دابەزیوە و دەوڵەت ئەمە لە دابەش کردنی بوودجەکاندا لە بەرچاو ناگرێت.

ناکۆکییەکانی نێوخۆی ڕێژیم گەیشتوونەتە ئاستێک کە بەرپرسانی باڵای خودی ڕێژیمیش دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز بۆتەوە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕێژیم دەدەنە بەر ڕەخنە و گازندە.