کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی بازرگانیی نێوان ئاڵمان و ئێران، ٥٠ لەسەد دابەزیوە

11:03 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی بازرگانیی ئێران و ئاڵمان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا بە ڕێژەی ٥٠ لەسەد دابەزیوە.

ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەتی ئاڵمان نیشان دەدەن کە لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا، هەناردەکردنی وڵاتی ئاڵمان بۆ ئێران، بە ڕێژەی ٦٧٨ ملیۆن یۆرۆ کەم بووەتەوە. هەروەها هاوردەکردنەکانی ئێرانیش لەم وڵاتەوە، گەیشتووەتە ١١٠ ملیۆن یۆرۆ کە نزمبوونەوەیەکی ٤٣ لەسەدی لە خۆ دەگرێت.

سەندیکای فرۆشیاران و بازرگانیی ئاڵمان ئەم نزمبوونەوەیەی بە ئاسایی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە: "کۆمپانیا ئاڵمانییەکان دەبێ لە نێوان بازاڕی ئێران و ئامریکادا یەکیان هەڵبژێرن کە لەم دۆخەدا، وەبەرایەتی بە بازاڕەکانی ئامریکایە".

وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئابووریی ئێران داناوە، چونکە جیا لە خودی ئێران، هەموو ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە وەکوو لایەنی سێهەم بە هەر شێوازێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندیی بازرگانیدا بن کە ئەمەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ژیانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت چینی هەژاری تووشی کیشە کردووە.