کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی خۆاردەمەنی لە ئێراندا ٧٤ لەسەد گرانتر بووه

11:07 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەگەرچی بە نرخی دۆلاری ٣٨٠٠ تمەنی کاڵا و پێداویستییە زەرورییەکان هاوردە دەکەن بەڵام نرخی خاروبار بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو هەتا ٧٤ لەسەد گرانتر بووە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، نێونجیی نرخی کاڵا و پێداویستییە زەرورییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵێ ڕابردوو ٣٠ هەتا ٥٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. ئەوەش لە کاتێک دایە کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران نرخی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەن ڕاگەیاند.

"محەممەدڕەزا پوورئیبراهیمی" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی توندی لەو گرانییە گرتووە و بەشێکی ئەو گرانییەی بۆ قاچاغی کاڵا زەرورییەکان گەڕاندووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا هەتا ئێستا ٢١ هەزار میلیارد تمەن یارانەی ئەرزی بۆ هاوردەکردنی کاڵا زەرورییەکان دابین کراوە. بەڵام نەتەنیا هیچ کێشەیەکی چارەسەر نەکردووە بەڵکوو نرخی شتومەکەکان بەردەوام بەرز بووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بەوە داناوە کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی لەسەر نرخەکان نەماوە و بۆ کێشەکان پەنا بۆ ڕێگاچارەی نازانستی دەبات.

ئابووری ڕێژیمی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان لە دۆخێکی قەیرانی دایە. لە لایەکی دیکەشەوه پەسندکردنی بەردەوامی گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ئابووریی ئەو ڕێژیمەی شپرزەتر کردووە.

مانگی خەرمانی ئەمساڵ حەوتوونامەی ئاڵمانی "ئیشپیگل" و ڕۆژنامەی ئابووری "هاندلسبلات" ئاشکرایان کرد، وڵاتانی ئورووپایی بە مەبەستی خۆ دەربازکردن لە سزاکانی ئامریکا، لە ئەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە بەرانبەر کڕینی نەوتی ئەو ڕێژیمە کەرەستەی پێویست و خواردەمەنی پێ بدەن.

هاوکات دوو نوێنەری سێنای فەرانسە، لە دوای پەسندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی و لە ترسی سزاکانی ئامریکا بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان دەوڵەتی فەرانسە بە مەبەستی هاوکاریی ئابووری و درێژەی مامەڵە بازەگانییەکان؛ پێشنیاری کردووە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کاڵا بە نەوت بگۆڕدرێتەوە.

ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر ئامریکا خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند دەکات، بەڵام کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بەڵێنییان بە خەڵک داوە کە هیچ کێشەیەک ڕوو نادات.