کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دەرمانە تایبەتەکان لە ئێراندا هەڵکشا

11:11 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بۆ دڵگەرمکردنی بەرهەمهێنەرانی دەرمان، نرخی دەرمانە تایبەتەکانیان دوو ئەوەندە بردووەتە سەرەوە.

"سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، باسی لە هەڵکشانی دوو بەرابەریی نرخی دەرمانە تایبەتەکان کردووە و وتوویەتی: "پێشتر ئێمە دەرمانە تایبەتەکانمان بەهۆی ئەوەی بۆ بەرهەمهێنەرانی نێوخۆ قازانجی نەبووە، لە دەرەوە بە ٥ بەرابەری نرخی خۆی هاوردە دەکرد".

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا بۆ دڵگەرمکردنی بەرهەمهێنەر و هاوەردەنەکردنی ئەو دەرمانانە لە وڵاتانی دەرەوە، نرخی دەرمانەکانیان دوو بەرابەر بردووەتە سەرەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکانێک کە دەرەتانی ئابوورییان نییە و پێویستیان بە دەرمانی تایبەت بۆ نەخۆشییە تایبەتەکان هەیە، توانای دابینکردنی ئەو دەرمانانەیان نییە و لەو پێناوەشدا شیرکەتی بیمە و بەرپرسانی پەیوەندیدار، هەوڵێکی کردەیی بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە نادەن.