کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی سکە لە ئێراندا دیسان بەرز بووەتەوە

13:09 - 31 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین ئاڵۆزیی بازاڕەکانی ئێراندا، نرخی سکە دیسان بەرز بووەتەوە و سنووری ٣ میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، نرخی سکە لە بازارەکانی ئێراندا بە چوونەسەرەوەی لەناکاوی ١٨٠ هەزار تمەنی، نرخی سکە گەیشتە ٣ میلیۆن و ١٣٠ هەزار تمەن و بازاڕی سکەی ئێران دیسان تووشی ئاڵۆزی بووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، محەممەد کەشتی‌ئارایی، ئەندامی لێژنەی سەندیکای فرۆشیارانی زێڕ و جەواهێر، ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی سکە لە بازاڕدا، نەهاتنی سکە پێشفرۆشکراوەکان بۆ نێو بازاڕە.

ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی سکە لە بازاڕدا، زیاتر لە ٧ میلیۆن سکەی پێشفرۆش کردووە، کە نەتەنیا نرخەکان کۆنترۆڵ نەکرا، بەڵکوو نەهاتنی ئەو سکانە بۆ نێو بازاڕ قەیرانێکی دیکەی خولقاندووە.

بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم و گوشار و گەمارۆوە ئابوورییەکان لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بەتایبەت ئامریکا، بناغەی ئابووریی ئێران ڕووخاوە و ڕێژیمیش لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان دۆشداماوە و هەر هەنگاوێکیان قەیرانێکی دیکە دەخولقێنێت.