کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسانی خۆراک لە پارێزگای سنە، ١٧٠%ە!

10:37 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەزگای بەڕێوەبەری و بەرنامەداڕێژی پارێزگای سنە نرخی هەڵاوسانی خۆراک لەم پارێزگایەی، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ خستەڕوو کە بریتییە لە ١٧٠%.

مەسعود سالمی، جێگری بەشی ئامار و زانیاری لە دەزگای بەڕێوەبەریی و بەرنامەداڕێژی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە: ئەم پارێزگایە لە ئاستی ئێراندا پلەکانی یەکەمی لەباری گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان هەیە بەچەشنێک کە لە ئەمساڵدا (١٣٩٧ی هەتاوی) پێوەری نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکان زیاتر لە ئاستی نێونجی هەموو ئێران بووە.

ناوبراو وتوویەتی: نرخی ٤٧٠ جۆر کەلوپەلی مەسرەفی لە ئاستی شارەکانی پارێزگا و نرخی ١٤٩ جۆر لە کەلوپەلە مەسرەفییەکان لە ئاستی گوندەکانی ئەم پارێزگا لێک دراوەتەوە و بۆمان دەرکەوتووە کە پێوەری نرخی هەموو کەلوپەلەکان و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ مانگی ڕەزبەری ساڵی پێشوو ٣/١٩٤% گەشەی کردووە و گەیشتووەتە نیزیک بە ١٧٠%.

درکاندنی ئەم ئامارە هەژێنەرە لە کاتێکدایە کە نێونجی نرخی هەڵاوسان لەم کەرتەدا بۆ هەموو ئێران ١٤٤/١%ە؛ واتە پارێزگای سنە لەمبارەوە وەپێش نێونجییە گشتییەکەی ئێران کەوتووە. وتوویشیەتی: پێوەری نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە ڕەزبەری ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو ١٦٩/٩%گەشەی کردووە کە ئەم ڕێژەیە لە نێونجی گشتی ئێران ١٦١/٨%ە!