کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە

11:56 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام و ئەگەری چەسپاندنی گەمارۆی نوێ و گەڕانەوەی گەمارۆکانی پێشوو بەدژی کۆماری ئیسلامی، بازاڕەکانی ئێران و کوردستان تووشی هەڵاوسان و گرانی لەڕادەبەدەر بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک، بەتایبەت لە کوردستان بەشێوەیەکی سەرسووڕهینەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە بەچەشنێک کە چەند قات زیاتر لە ڕابردوو توانای کڕین و دابین کردنی پێداویستییەکانی بۆ خەڵک ئەستەم کردووە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، لەحاڵێکدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بازاڕی شاری سەقز کیلۆیەک شووتی لە ٨٠٠ تمەنەوە بۆ ١٥٠٠تمەن بەرز ببوویەوە دوێنێ نرخی هەر کیلۆ شووتی بۆ ٢٠٠٠ تمەن هەڵکشا؛ هەروەها لە حاڵێکدا کە ٣ ڕۆژ لەمەوبەر نرخی هەر کیلۆ خەیار لە ١٨٠٠ تمەنەوە بۆ ٢٧٠٠ تمەن بەرز ببوویەوە دوینێ ٢ی جۆزەردان بە ٣٥٠٠ تمەن فرۆشرا و گڕکەی تارۆمیش کە بە ٢٥٠٠ تمەن فرۆشرابوو نرخەکەی بۆ ٣٠٠٠ تمەن بەرز بوویەوە؛ زۆربەی میوەکان بە ڕێژەی بەرچاو گران بوون کە نێونجی گرانی لە نێوان چل تا پەنجا لە سەد مەزەندە دەکرێت .

یەکێک لە بازاڕییانی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "کوردستان میدیا" وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوە ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: ڕێژیمی نابەرپرسی ئاخوندی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەرز بۆ ناوخۆی وڵات و قەرەبووکردنەوەی خەسارە ماددییەکانی خۆی بەڕێژیەکی زۆرتر لە ڕادەی پێویست دەستی کردووە بە هەناردەکردنی میوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە؛ هەر بەم هۆیەشەوە تەنیا لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا نرخی میوە لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان زیاتر لە چل لە سەد گران بووە .

کارناسانی ئابووریی پێیان وایە بەردەوامی ئەم ڕەوشە بەلەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەڵایسانی زیاتری بازاڕ و کەم‌بوونەوەی نرخی ئەرزی ئێران دۆخیکی وەها پێک دێنێت کە خەڵک ناچار دەکات لەدژی ڕێژیم بڕژێنە سەر شەقامەکان.