کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە

12:47 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام و ئەگەری چەسپاندنی گەمارۆی نوێ و گەڕانەوەی گەمارۆکانی پێشوو بەدژی کۆماری ئیسلامی، بازاڕەکانی ئێران و کوردستان تووشی هەڵاوسان و گرانی لەڕادەبەدەر بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک، بەتایبەت لە کوردستان بەشێوەیەکی سەرسووڕهینەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە بەچەشنێک کە چەند قات زیاتر لە ڕابردوو توانای کڕین و دابین کردنی پێداویستییەکانی بۆ خەڵک ئەستەم کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە ڕۆژی ڕابردوو لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەرکام لە میوەکانی وەک مۆز بە ٨٥٠٠ تمەن، گێڵاس بە ١٨٠٠٠ ٢٠٠٠٠ تمەن و شوتی بە ٢٢٠٠ تمەن فرۆشراوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: بەبەراورد کردنی ئەم نرخانە لەگەڵ مووچەی مانگانەی کرێکارێکی ڕۆژکار ئەوپەڕی تراژێدیاکەمان بۆ دەردەکەوێ؛ بۆنموونە کرێکارێک کە لە مانگێکدا تەنیا ١٠بۆ ١٥ڕۆژ کاری هەیە و ٥٠٠٠٠ تمەن پارە وەردەگرێ کاتێک کە لە بازاڕدا بیهەوێ پیداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی دابین بکا چۆن دەتوانێ خۆی و تەنیا ژنەکەی بژیێنێت؟ دەشڵێ: وەچەخستنەوە(تولید مثل) لەم سەردەمەدا تاوانە !

یەکێک لە بازاڕییانی کوردستانیش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "کوردستان میدیا" وێڕای پشت‌ڕاست کردنەوە ئەم هەواڵانە ڕایگەیاند: ڕێژیمی نابەرپرسی ئاخوندی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەرز بۆ ناوخۆی وڵات و قەرەبووکردنەوەی خەسارە ماددییەکانی خۆی بەڕێژیەکی زۆرتر لە ڕادەی پێویست دەستی کردووە بە هەناردەکردنی میوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە؛ هەر بەم هۆیەشەوە تەنیا لە یەک مانگی ڕابردوودا نرخی میوە لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان زیاتر لە چل لە سەد گران بووە .

کارناسانی ئابووریی پێیان وایە بەردەوامی ئەم ڕەوشە بەلەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و هەڵایسانی زیاتری بازاڕ و کەم‌بوونەوەی نرخی ئەرزی ئێران دۆخیکی وەها پێک دێنێت کە خەڵک ناچار دەکات لەدژی ڕێژیم بڕژێنە سەر شەقامەکان.