کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشت هەروا بەرز دەبێتەوە

19:37 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نرخی گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی ئێراندا گەیشتە ١٤١٠٠ تمەن.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی بەفرانبار، ڕێکخراوی فرۆشیارانی گۆشتی پەلەوەر و ماسی لە ڕاگەیێندراوێکدا نرخی گۆشتی مریشکیان لە بازاڕەکاندا بە ١٤١٠٠ تمەن ڕاگەیاند و کڕین و فرۆشتنی گۆشتی مریشكیان بەبێ هەبوونی فاکتۆر قەدەغە کرد.

لەکاتێکدا نرخی مریشک بەوشێوە بەرچاوە بەرزدەبێتەوە، کە بەرپرسی ڕێکخراوی جیهادی کشاوەرزی لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند کە نرخی ڕاستەقینەی مریشک دەبێت ١٠٥٠٠ تمەن بێت، تاکوو نە بەرهەمهێنەر  زەرەر مەند بێت نە بەکارهێنەر.

ڕاپۆرتە ئابوورییەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نرخی شتومەک و کاڵا و خواردەمەنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە، بەڕادەیەک کە چینێکی بەرچاو و دیاری کۆمەڵگا توانای دابین کردنیان نابێت.

لە ئێستادا لە بازاڕەکانی ئێراندا هەر کیلۆیەک گۆشتی سوور بە ٧٠ هەتا ٨٠ هەزار تمەنە، کە گۆشتی سوور لە لیستی خواردنی خەڵکی کەم دەرامەتی کۆمەڵگا و تا ڕادەیەک لە چینی نێوەنجیش وەلانراوە.