کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٢ هەزار پێشمەرگە لە شەڕ دژی داعشدا شەهید بوونە

18:20 - 21 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە شەڕی داعشدا نزیک بە دوو هەزار پێشمەرگە شەهید بوونە و ١٢ هەزاریش بریندار بوونە.

"دیندار زێباری" ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خولی٢٢ـهەمی لێژنەی تایبەت بە مافەكانی كەمئەندامان (CRPD) لە شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ژنێڤ، باسی لەوە کردووە کە لە شەڕی داعشدا نزیک بە دوو هەزار پێشمەرگە شەهید بوونە و ١٢ هەزاریش بریندار بوونە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لەو ١٢ هەزار پێشمەرگەیەی کە بریندار بوونە، ٢٣٥ کەسیان دەست یا لاقیان لە دەست داوە. ٢٠ کەسیان توانای بینینی نییە و ٣٨ پێشمەرگەش ئیفلیج بوونە و توانای جووڵەیان نەماوە.

بەپێی وتەکانی زێباری، نزیکەی هەزار پێشمەرگە بە چەکی شیمیایی بریندار بوونە، کە بۆ چارەسەرکردنیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون.

هاوکات هەتا ساڵی ٢٠١٨، ٩٥ هەزار و ٩١٦ کەس لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک کەمئەندام ناویان تۆمار کراوە.