کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسەر و لێکۆڵەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

11:36 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: نووسەر و لێکۆڵەرێکی ناوداری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە، ٩ی خەرمانان، مامۆستا "مەلا ئەحمەد نەزیری"، نووسەر و لێکۆڵەری کورد، بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە لایەن مامۆستا "قانعـ"ـەوە بۆ نووسین هاندراوە و چەندین بەرهەمی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.

چەند بەرهەمێکی "مەلا ئەحمەد" بریتین لە: "زایەڵەی زرێبار، کۆکردنەوەی دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی، کتێبی گەنجینەی وشەی کوردی، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی دیوانی فەریقی، قسە خۆشە کوردییەکان و گوڵبژێرێک لە ڕشتەی مرواری".

مامۆستا "مەلا ئەحمەد نەزیری"، کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەکە بوو و جگە لە نووسین و مامۆستایەتیی مزگەوتەکان، لە قوتابخانەکانی مەریوان و سنەشدا، ئەرکی وانەوتنەوەی لە ئەستۆ بووە.

"مەلا ئەحمەد"، ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە گوندی "دەگاگا"ی سەر بە شارستانی سەوڵاوا چاوی بە ژیان هەڵێناوە و تا دواهەناسەکانی ژیانی، لە خزمەتی فەرهەنگ و نەتەوەکەی خۆیدا بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو زانایە و کۆمەڵگەی زانایانی ئایینی دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.