کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسەر و وەرگێڕێکی کورد بۆ هەمیشە قەڵەمی زیندوو مایەوە

09:51 - 28 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: "حەکیم کاکە وەیس" نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، دوای تەمەنێک خزمەت بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە دنیای ئەدەب کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، "حەکیم کاکە وەیس" نووسەر و وەرگێڕێ ناوداری کورد، دواى ته‌مه‌نێک له‌ خزمه‌تكردنى به كتێبخانه‌ و  ئەدەبی کوردی لە شاری بەغدا كۆچى دوايي كرد.

حه‌كيم كاكه‌وه‌يس له‌ بوارى وه‌رگێڕاندا دەستێکی توانای هەبووە و لە ماوەی تەمەنیدا چەندین کتێبی نووسیوە و چەندین کتێبی دیکەشی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوەتەوە.

ئەو نووسەر و وەرگێڕەی کورد بەشێکی به‌رچاوى لە به‌رهه‌مه‌كانى نووسه‌ر و بيرمه‌ندى كورد، "مه‌سعوود محه‌ممه‌د"، له‌ عه‌ره‌بييه‌وه بۆ کوردی وەرگێڕاوەتەوە.

ناوبراو چەندین کتێبیشی لە زمانەکانی عەرەبی و سوێدییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاون.

حەکیم کاکەوەیس ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی حەساری گەورە لە کەرکووک لەدایکبووە.  قۆناغی ئامادەیی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧٣ بەشی بیرکاری لە کۆلیژی زانست، لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. دوای زانکۆ هەتا کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول پێشمەرگە بووە.

لە ساڵی ١٩٨٤ له وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە. ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی نەخۆشی دڵ خانەنشین  بوو و دوای گەڕانەوەی بۆ زیدی خۆی لە گوندی حەسار لە کەرکووک، ژیانی خۆی بە خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕان بەسەربردووە.

ديارترين به‌رهه‌مه‌كانى ناوبراو بریتین لە: "١٩٨٤، بازنەی ترس ،بۆ گورباشۆڤی مەزن: لەگەڵ سڵاو و هیواخوازیدا، بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو، بەردیش بەدەنگ دێ؛ منداڵی لە کەمبۆدیا ١٩٧٥ – ١٩٨٠، پرسیارەکان، هێشتا تینووی وەرامن، پەرەسترۆیکای گۆرباشۆڤ، تەونی جاڵجاڵۆکە، دەمودووی هزر، زمانی کورد، شاخەکانیش دەنگیان دایەوە، گورگی ڕووتەڵان، لە پێناوی پتەوکردنی برایەتی عارەب و کورددا، مەسعود محەممەد: ڕۆڵ و هەڵوێستی سیاسی ١٩٤٦- ١٩٦٥، مەملەکەتی سەگەکان، نامەکانی مەسعوود محەممەد، نەتەوایەتی کورد و ئیسلامەتییەکەی، هاوسەنگکردنەوەی تەرازوویەکی سەنگەلا، کۆچ هەڵیبژاردم، کۆمەڵگەی ئادەمیزاد؟ بۆچی لە شێتخانە دەچێ؟، کۆڵارە فڕێن و کێڵگەی ئاژەڵان.