کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسەرانی جیهان: کورد دەبێ پشتیوانیی لێ بکرێت

16:58 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە نووسەرانی دیاری جیهان داوای پشتگیری لە کورد دەکەن و داوا دەکەن کە نابێ کورد بۆ مەرگ بەجێ بهێڵن.

گرووپێک لە نووسەر، ئەدیب و ڕۆژنامەوانانی بەناوبانگی جیهان لە پەیامێکدا داوا لە ئورووپا دەکەن کە لەسەر کوردەکان وەدەنگ بێن، چونکه ناکرێت کوردەکان بۆ مەرگ بەجێ بهێڵن.

ئەو گرووپەی کە داوایان کردووە پشتیوانی لە نەتەوە کورد بکرێت، بریتین لە: "ڕۆبێرتۆ ساڤیانۆ، سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، فێرناندۆ ئارامبورۆ، مارک ئاوگی، مارتین کاپارۆس، ئانی ئێرناوکس، ئێلینا فێرانتێ، بێرنارد هێنری لێڤی، حەنیف قورەیشی، سەلمان روشدی، ماریۆ ڤارگاس، هێرتا مولەر و ڕۆبێرت هاریس".

پەیامی ئەو نووسەرانە ئەوە بووە: "ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ناو ناوە ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی، ئەمەش پشتگوێخستن و لەبەرچاونەگرتنێکی ئاشکرای ڕاستییەکانە".

لەو پەیامەدا باس لەوە کراوە: "ئەنجامی هەڵبڕینی دەنگی ئازاد لە تورکیه زیندانیکردن، ناوزڕاندن و کوشتنە، هیچ ناڕازیبوونێک ڕێپێدراو نییە. ئەردۆغان کوشتاری کوردەکان بە پێویستییەکی گرینگی خەڵکی تورکیه دادەنێت".

ئەو ناودارانە داوایان لە ئامریکا و ئورووپا کردووە: "نابێ کورد بێ پشتیوان بێت. ناتوانین کوردەکان بۆ مەرگ بەجێ بهێڵین".

هاوکات لەو پەیامەدا هاتووە: "کێشەی کورد دەبێ بۆمان جێی بایەخ بێت، چونکە ئەوان تاکە لایەنێک بوون توانییان پێش بە پێشڕەوییەکانی داعش بگرن، پێویستە بەلامانەوە گرینگ بێت".