کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین هەڕەشەی ڕێژیم لە جیابیران

14:20 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: حیسام ئاشنا ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیم هەڕەشەی لە جیابیران و ڕەخنەگرانی حکوومەتی کرد و ڕایگەیاند: هەر کەسێک لەگەڵ چوار کۆڵەکەی سەرەکی یاسای بنەڕەتی کێشەیان هەبێ، دەبێ تێچووەکەشی بدەن.

حیسام ئاشنا ڕاوێژکاری حەسەن ڕوحانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز لە ڕێوڕەسمی بەناو "ڕۆژی خوێندکار" لە زانکۆی تاران باسی لەوە کرد کە چوار ئەسڵ و کۆڵەکەی نەگۆڕ لە یاسای بنەڕەتیدا هەن کە هەر کەسێک دژایەتییان بکات دەبێ تێچووەکەشی بدات؛ بەوتەی ناوبراو ئەم چوار ئەسڵە بریتین لە: ئیسلامییەت، کۆماریەت، ویلایەتی فەقیه و پشت‌ئەستووری حکومەت بە دەنگی خەڵک.

لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە خوێندکارانیشدا کە وتبووی: ئازار و نەهامەتییەکانی خەڵک کەی کۆتایی پێدێت و تا کەی دەبێ خەڵک بوونی کەسانی وەک ئێوە تەحەممووڵ بکات؟ ڕایگەیاندووە: تا ئەو کاتەی کە بژاردەیەکی باشتر لە ئێمە هەبێ!

چالاکانی سیاسیش پێیان وایە، هەر چەند ئەم چەشنە لێدوانانە لای گەلانی ئێران و ئازادیخوازانی پانتای جوغرافیایی ئێران پرسێکی نامۆ نین و هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ئەم شێوە ئاخاوتن و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوانە هەر هەبووە، بەڵام دووبارە هێنانەگۆڕی هەڕەشەی لەم چەشنە لە هەلومەرجی هەنووکەیی ئێران نیشانەی ترس و لاوازی ڕێژیمە لە ڕووخان و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران.