کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی نووسینگەی سێناتۆر "ڕوبیو"ی کرد

12:25 - 11 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە سەردانێکدا بۆ نووسینگەی سێناتۆر ''ڕوبیو''، دواهەمین پێشهاتەکانی کوردستان و ئێرانی خستە بەر باس.

"ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی ئامریکا، لە سەردانێکدا بۆ نووسینگەی سێناتۆر''ڕوبیو''، بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی گونجاوی سێناتۆر "ڕوبیو" سەبارەت بە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، ڕایگەیاند کە یارمەتیدان بە گەلی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ بیسترانی دەنگیان لە ئامریکا، هەم لە بەرژەوەندیی ئامریکادایە و هەم لە بەرژەوەندیی گەلی کورد؛ سێناتۆر "ڕوبیو" وەکوو سێانتۆری بەهێز دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ لەم پێوەندییەدا بگێڕێت.

"ئارش ساڵح"، سەبارەت بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وتی: "ئێستا لە ئاست حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاوکارییەکی زۆر باش هەیە و لە هەموو ئاستەکان هاوکاری لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا لە ئارادایە".

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی نەتەوە جیاوازەکانی لە دەوری یەک کۆ کردووەتەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی لەوەش کرد کە هێزەکانی نەتەوە بندەستەکان دەتوانن هێزێکی کاریگەر بن بۆ پێکهێنانی گۆڕانگارییەک لە ئێراندا کە هەم خەڵکی ئەو وڵاتە بخاتە دۆخێکی باشتری سیاسی و ئابوورییەوە و هەم یارمەتیدەری سەقامگیری و ئاشتەوایی لەنێو ناوچەکەدا بێت.

"ئارش ساڵح" جەختی کردەوە کە هاوکات ئەو گۆڕانەی کە نەتەوەکانی ئێران داوای دەکەن ئەوەیە کە سیستمێکی فێدێراڵ فاکتەرێکی ئەرێنییە لە بەرژەوەندیی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا.

ناوبراو لەم دیدارەدا ڕوو بە سێناتۆر "ڕوبیو" وتی: "ئێمە ئەو چاوەڕوانی و ئەو داواکارییەمان لە ئێوە هەیە کە بتوانن لە بەرزکردنەوەی دەنگی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا کاریگەر بن و بۆ ئاشکراکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە نەتەوەی کورد لە ئێراندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، یارمەتیدەر بن".