کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکای کرد

16:06 - 13 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سەردانەدا بارودۆخەکانی ئەم دوواییانەی ئێران و ناوچەکە و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی لە هەمبەر باروودۆخی ئەم دووایانەی ئێرانی شی کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکای کرد.

ئەم دیدارە کە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و تاوتوێ‌کردنی بارودۆخەکانی ئەم دوواییانەی ئێران و ناوچە ساز درا بوو نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی لە هەمبەر بارودۆخی ئەم دووایانەی ئێرانی شی کردەوە.

لەم چاوپێکەوتنەدا، چەند تەوەری بنەڕەتی وەکوو بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات و بەرنامەی هەڵبژاردنی داهاتووی خرانە بەر باس و ڵێکۆڵینەوە.

ئارش ساڵح، لە سەرەتای باسەکان‌دا ڕاپۆرتێکی ئامادەکراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کرد و تەوەرەکانی ئەو ڕاپۆرتەی شی کردەوە.

لەو پێوەندییەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا تیشکی خستە سەر ڕێژەی لەسێدارە دان و سەرکوت لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ زایینیەوە و گوتی کە بەپێی ئەو ئامارەی کە لە لایەن ئۆرگانە پێوەندیدارەکان و بەشی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات کۆ کراوەتەوە ٦٢ کەس لە مانگی ژانویە لە سێدارە دراون.

هەروەها باس لەوە کرا کە نەتەنیا هیچ ئاماژەیێک بۆ باشتربوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەدی ناکرێت بەڵکوو قسەکانی کاربەدەستانی ڕێژێم وا پیشان دەدات کە ئێران دەیهەوێت زیاتر لە پێش گوشار لە ناوخۆدا زیاتر بکات.

لە تەوەرێکی‌تری باسەکاندا هەروەها باسی هەڵبژاردنەکان هاتە ئاراوە و باسی هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەو بارەوە و ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ سەر ئەو هەڵبژاردنانە کرا.

لەو پێوەندیەدا ئارش ساڵح گوتی کە ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە ئێراندا دەکرێن مەودایێکی ئێجگار زۆریان لەگەڵ بنەڕەتی‌ترین پێوەرەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک هەیە.

لەو پێوەندیەدا هەروەها باس لەوە کرا کە کۆماری ئیسلامی وەکوو ئامرازێک چاو لە هەڵبژاردن دەکات کە بتوانێت بەپێی ئەو هەڵبژاردنە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕەوایی بە کارە ناڕاوەکانی خۆی بدات بۆیە هەموو کات پیشانی داوە کە هەر ڕۆژ زیاتر لە پێش، هەڵبژاردنەکان کۆنترۆڵ دەکات، ئەندازیاریان دەکات و هاوکاتیش هەرکات کە پێویستیش بزانێت ئاکامەکانی بگۆڕێت.

لەو پێوەندیەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا گوتی کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئاگادار بێت کە مەجلیسی شووڕای ئیسلامی نوێنەرایەتی خەڵک ناکات و بە گشتی تەواوی دەزگاکانی حکوومەتی ئێران بەهیچ شیوەیێک ناتوانن نوێنەرایەتی نەتەوەکانی ئێران بکەن.

لە کۆتاییدا هەروەها باس لەسەر کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا و ئاماژە بەوە کرا کە ئەمساڵ یادی ٧٠ ساڵەی کۆماری کوردستان تێپەڕی کە هێزی پێشمەرگە لە ناو بەفری کوێستانەکانی کوردستان ئەو یادەی پیرۆز کردوە.