کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، لەسەر دۆخی یارسانەکانی ئێران کۆبوونەوەیەکی پێکهێنا

12:26 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی دەفتەری "سێناتۆر برانتـ"ـی کرد و کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە دۆخی یارسانەکان لە ئێران پێکهێنا.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی دەفتەری "سێناتۆر برانتـ"ـی کرد و لەگەڵ "ئالیسۆن فەیکێس"، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەو دەفتەرە کۆ بووەوە.

لەو کۆبوونەوەدا، هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و گرینگیپێدانی حیزبی دێموکرات بەو بابەتە و هەروەها بارودۆخی پێڕەوانی ئایینی یاری لە کوردستانی ئێراندا خرایە بەر باس.

لەم چاوپێکەوتنەدا، "ئارش ساڵح"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێران لەم کات و ساتەدا وتی کە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە بەرامبەر ئێراندا هەر ئامانجێکی هەبێت، یارمەتیدان و هاوکاریکردنی نەتەوە بندەستەکان، دەتوانێت یاریدەری ئەو سیاسەتە بێت.

نوێنەری حیزب هەروەها وتی: "گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، باوەڕێکی قووڵی بە بەهاکانی دێموکراسی هەیە و یارمەتیدانی ئەو گەلە لە ئێران، دەتوانێت بەقەد پارچەکانی تری کوردستان، بۆ سیاسەتی ئامریکا لە ناوچەکەدا سوودی هەبێت".

هەروەها "ئارش ساڵح"، بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی "سێناتۆر برانت" لەسەر بابەتی ئازادییە ئایینییەکان، باسی لەوە کرد کە ئایینی "یارسان" لە ئێراندا، بە شێوەیەکی بەرچاو و بە شێوەیەکی دووقات، خراونەتە بەر سەرکوت و قڕ کردن.

نوێنەری حیزب لە درێژەدا وتی کە یارسانییەکان جارێک لەبەر ئایینی خۆیان کە ئایینێکی کۆنی کوردە و جارێکی تریش لەبەر ئەوەی کولتووری کوردیی خۆیان پاراستووە، کەوتوونەتە بەر هێرش و سەرکوتی ڕێژیمی ئێرانەوە.

 ناوبراو هەروەها وتیشی: "داوامان لە سێناتۆر برانت ئەوەیە کە دەنگی کپکراوی خەڵکی یارسان ببیستێت و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کە کەسانی تریش لەم وڵاتە و لە هەموو دونیادا، گوێیان لەو دەنگە بێت".

"ساڵح" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا خەریکە تەنیا لە یەک ڕوانگەوە چاو لە ئێران و گۆڕانکارییەکانی دەکات، ئەویش ڕوانگەی گەلی زۆرینەیە. ئەوەی کە ئامریکا تەنیا لە دەلاقەی گەلی زۆرینەوە ئێران دەبینێت، زیاتر لە هەر شتێک بە زەرەری بەرژەوەندییەکانی ئامریکا تەواو دەبێت، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی ناسینی ئەو وڵاتە لە ئێران ناسینێکی ناتەواو و پڕ لە کەموکورتی بێت، هەر بۆیەش سیاسەتەکانی ئامریکا ناتوانن بونیاتیان لەسەر ناسینێکی ڕاستەقینە لە ڕاستییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بێت.

ناوبراو لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فاکتەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە ئێراندا بووەتە "فاکتەرێکی شوێندانەر"، بۆیە ئامریکا پێویستە زیاتر لە کاتی ڕێکخستنی سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بیر لەو فاکتەرە بکاتەوە.