کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا لەگەڵ بەرپرسانی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆ بووەوە

14:50 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، لە سەردانێکدا بۆ سێنای ئەو وڵاتە، لەگەڵ بەرپرسانی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆ بووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا، سەردانی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئەو وڵاتەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەو کۆمیتەیە کۆ بووەوە.

لەم سەردانەدا ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سەرهەڵدانەکانی گەلانی ئێران، بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنا باس کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، بە ئاماژە بەم سەرهەڵدانانە وتی: هەتا ئێستە هەموو ئەو هەوڵانە کە بۆ گۆڕینی هەڵسووکەوتی ئێران دراون، هەموویان لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو بوونە و کۆماری ئیسلامیی ئێران نە لە ئاستی نێوخۆ و نە لە ئاستی دەرەوە هەڵسووکەوتی نەگۆڕیوە.

ئەم ڕاستییە بابەتێکە کە زیاتر لە هەر کەس ژیانی خەڵکی ئێرانی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، واتە هەڵسووکەوتی ئێران چ لە دەرەوە و چ لە نێوەوە بووەتە هۆی دروست بوونی گوشاری زۆر لە سەر خەڵکی ئێران، بۆیە خەڵکی ئێران بە دەنگێکی بەهێزەوە خوازیاری گۆڕینی ڕێژێمن.

هەروەها ئارش ساڵح وتی: ئەم خۆپیشاندانانە دەرخەری ئەوەن کە ناڕەزایەتی لە ئێران، ڕووی لە زیاد بوونە و هەروەها جیلی نوێ و لاوەکان هیچ هیوایەکیان بە گۆڕانکاری لە ڕێگەی ڕێفۆرمخوازەکانەوە نەماوە، هەروەها بە نیسبەت کوردستانیشەوە پێویستە ئێوە بزانن کە کوردستان بە چەند هۆکار جیاوازی لەگەڵ بەشەکانی تری ئێرانە، کە پێویستە بخرێتە بەرچاوەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی لە ئامریکا، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کردووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە، کە کێشە سیاسییەکان پێویستە چارەسەری سیاسییان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام بەداخەوە کۆماری ئیسلامی دیپلۆماتەکانیشی تێرۆریستن و ڕێبەرانی پێشووی ئێمە کە بە نیازپاکی لەگەڵیان دانیشتوون بە دەستی ئەو دیپلۆماتانە تێرۆر کراون.

ئارش ساڵح، هەروەها لە درێژەدا باسی لەوە کرد، کە شەڕی چەکداری هەڵبژاردەی ئێمە نەبووە، بەڵکوو ئەوە بەرگرییەکی ڕەوایە کە ناچار کراوین پەنای بۆ ببەین.

لەو کۆبوونەوەیەدا ئێریک ترەیگێر بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی نێوڕەاستی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا وتی: \'\'ئەوانەی کە بیریان دەکردەوە کە ڕێفۆرمیستەکان دەیانتوانی گۆڕان لە ئێراندا پێک بێنن، هیچ کات لەم کۆمیتەیە جێگەیان نەبووەتەوە، لەبەرئەوەی ئەم کۆمیتەیە لەسەر ئەساسی لێکۆڵینەوە و ناسین کار دەکات و ئێمە هەموو کات زانیومانە کە ئەو ڕێگایە نە خەڵکی ئێران و نە دنیا ناگەینێتە هیچ سەرئەنجامێک.

بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا هەروەها وتی: ئێمە بە باشی دەزانین کە ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی دیکتاتۆرە و سەرچاوەی نائارامی و بشێوییە، هەروەها وتی من دڵنیام کە ئەم ڕێژێمە وەک هەموو ڕێژێمە دیکتاتۆرەکانی تر دەبێت بڕوات، بەڵام ئەوەی کە ئێمە و ئێوە دەبێت خۆمان چۆن بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکەین، بابەتێکی زۆر گرینگە.