کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئامریکا دیدارێکی پێک هێنا

12:49 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی ئامریکادا، لەگەڵ ئەندام کۆنگرە ''گرێگ سانتۆن'' دیدارێکی پێک هێنا.

''ئارش ساڵح''، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی  ئامریکادا، سەردانی دەفتەری ئەندام کۆنگرە ''گرێگ سانتۆنـ''ـی کرد، لەم چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات، سەرەڕای باس لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستاندا، باسی لەسەر گرینگی ستراتیژکی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ سیاسەتی ئامریکا بە نیسبەت ئێران کرد.

هەروەها خەباتی حیزبی دێموکرات لە دژی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران تەوەرێکی تری باسەکانی نوێنەرانی حیزبی دێموکرات لەو چاوپێکەوتنەدا بوو.

ئارش ساڵح، بە ئاماژە بەو لافاوەی کە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی گرتووە، باسی لەوە کرد، ئەم لافاوە و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەرخەری دوو بابەتی گرینگن: یەکەم ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو بوارەکاندا تووشی قەیرانی جیددیی بەڕێوەبەرییە و زۆر لەو شتەی کە دەری دەخات لاوازترە، دووهەم بابەت ئەوەیە کە خەڵک بە هیچ شێوەیەک متمانەیان بە ڕێژیمی ئێران نەماوە و ئەمە وای کردووە کە خەڵک بۆ یارمەتیدان بە لێقەوماوان خۆیان دەسبەکار ببن.

ئەگەرچی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەی تیرۆریستی و تێکدەرانە لە ناوچەکە و لە ئورووپادا بەردەوامە، بەڵام ئەم کردەوانەکانی تەنیا لە قەوارەی باندێکی مافیایی گەورە دەری دەخات و لە ڕاستیشدا ئەو ڕێژێمە بەو پێکهاتە و دەزگایانە شتێک لەوە زیاتر نییە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە درێژەدا باسی لەسەر ئەوە کرد، کە ئەگەر وەلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا، بە نیسبەت نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت کورد خوێندنەوەیەکی دروستی هەبێت و زیاتر لەگەڵ ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگاکانی ئەو نەتەوانە ئاشنا بێت، ئەوە کاریگەریی باشی لەسەر سیاسەتەکانی بە نیسبەت ئێران دەبێت.

 ئارش ساڵح وتی: کە بە باوەڕی ئێمە پتانسیلی نەتەوەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گوشارەکان بۆ سەر ئێران و هەروەها پێکهێنانی دێموکراسییەکی ئاشتیخواز لە لایەن وەلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکاوە بەباشی دەرکی پێ نەکراوە.

نوێنەری حیزب بە ئاماژە بە ڕۆڵی گرینگیی کۆنگرەی ئامریکا لە بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی ژێرچەپۆکی ئێران وتی: کە ئێمە وەکوو گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خوازیاری ئەوەین کە ئێوە لە بەرانبەر خواستەکانی ئێمە و ناڕەزایەتیەکانمان یارمەتیدەر بن.

لە کۆتاییدا، ئارش ساڵح بە ئاماژە بە خەباتی ڕاسان وتی: کە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات چل ساڵە کە لە دژی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە شەڕداین.