کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە پارلەمانی ئورووپا کۆ بووەوە

00:01 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە یەکیەتیی ئورووپا، لەگەڵ ئەندامێكی فراكسیۆنی سووسیال دێموكراتەكان دیداری کرد.

ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندان، لە چوارچێوەی چالاكیی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات، لەگەڵ "جوولی وارد" (Julie Ward) ئەندام پارلەمانی ئورووپا، لە گرووپی سووسیال دێموكراتەكان كۆ بووەوە.

بە مەبەستی گەیاندنی دۆزی خۆرهەڵات، شیكردنەوەی وەرزی نوێی خەبات و هەروەها پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، حیسام دەستپیش، نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە یەكیەتیی ئورووپا و بلژیک لەگەڵ جوولی وارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا دیدارێکی پێک هێنا.

لەم دانیشتنەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات، بە وردی لەسەر ئامانجە دیاریکراوەکانی ئەم دیدارە قسەی کرد، هەروەها ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، پێشکەش بەو ئەندام پارلەمانەی ئورووپا كرد.

"‎جوولی وارد"، زیاتر لەسەر باشوور و ڕۆژئاوا زانیاری هەبوو، لە هەمانكاتدا ئاگاداری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە ماوەیە كە پارلەمان هەتا هەڵبژاردنی داهاتوو هەیەتی؛ ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر ئەگەرەكانی بەرجەستەكردنەوەی بابەتی مافی مرۆڤ لە ئێران و كوردستاندا پێشکەش كرد.