کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ حیزبی N-VAی بلژیک کۆبووە

20:35 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ Johan Van Overtveldt، ئەندامی ڕێبەریی ئالیانسی نوێی ڤلامس  N-VA و وەزیری پێشووی کاروباری دارایی حکوومەتی فیدراڵی بلژیک و کاندیدی بەرچاوی ئەم حیزبە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پارڵمانی ئورووپا کۆبووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خاکەلێوە، "حیسام ده‌ستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا و بلژیک، بە هاورێیەتی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی  دێموکراتی کوردستان لە بلژیک، سەردانی بنکەی سەرەکیی حیزبی ئالیانسی نوێی ڤلامس  N-VAیان کرد لە شاری برۆکسێل و لە لایەن بەڕێز Johan Van Overtveldt، ئەندامی رێبەریی ئەو حیزبە و وەزیری پێشووی کاروباری دارایی حکوومەتی فیدراڵی بلژیک و کاندیدی بەرچاوی ئەم حیزبە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پارڵمانی ئورووپا بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات بە کورتی باسی بارودۆخی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی  و خەباتی دێموکراسیخوازانە و نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کرد کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە لەم بەشەی کوردستان لە پێناو دابینکردنی دێموکراسی و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد درێژەی هەیە.

دەستپیش لەو دیدارەدا، تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی سەرکووتکارانە و شێوازەکانی هەڵاواردنی رێژیمی ئێران بۆ زەڤتکردنی هەموو ئازادییە دێموکراتیکەکان و بە تایبەت زەخت و زوڵمی سیستماتیک بە دژی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری ئەو وڵاتە. نوێنەری حیزب پێداگریی لە سەر هەڵوێست و سیاسەتەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە پەیوەندی لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و لە سەر زیانەکانی ئەم روانگە و هەڵوێستانەی ئورووپا دوا.

بەشی دووهەمی باسەکەی حیسام ده‌ستپیش، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا و بلژیک، تایبەت کرابوو لە سەر پێشڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە لایەن رێژیمی ئێران و بە تایبەت ئاوری تایبەتی لە پرسی کۆلبەرانی دایەوە کە بە هۆی دابینکردنی بژێوی ژیانیان، لاوانی کورد رۆژانە دەبنە قوربانیی تەقەی هێزەەکانی رێژیمی ئێران. لەم بوارەدا نوێنەری حێزبی دێموکرات، چەندین راپۆرتی تایبەت بە پێشڵکارییەکانی مافۆ مرۆڤ لە کوردستان و کوشتتن و بریندارکردنی کۆلبەرانی پێشکەش بەم سیاسەتڤانە بلژیکییە کرا. هەروەها چەند نامیلکە و بەڵگە لە سەر مێژوو و خەباتی حیزبی دێموکراتیش پێشکەش بە بەڕێز Johan Van Overtveldt کرا.

هاوکات Johan Van Overtveldt وێرای دەڕبڕینی دڵخۆشیی خۆیان بۆ سەردانی ئەم شاندەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوای کرد پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو حیزب پەرە پێبدرێن و بەڵێینی دا کە لە هەر سێ ئاستی پاڕڵمانی ئورووپا، حکوومەتی فیدراڵ لە بلژیک و حکوومەتی ناوچەییی ڤلاندرێن سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران زانیاری بدەن و هەوڵوێستیان هەبێت. هەروەها داوای کرد شاندی حیزب بەردەوام زانیاریی تایبەت لە سەر دۆخی کورد لە ئێراندا بگەیینە ئەوان و لە شوێنی خۆیدا باسی لێبکەن.

حیزبی ئالیانسی نوێی ڤلامس  N-VA، حیزبێکی ناسیۆنالیستی هوڵەندی زمانەکانی بلژیکە و لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ناوچەی ڤلاندرن حیزبی یەکەم بوون و خۆیان بە دۆستی نزیکی کورد دەزانن. بە پێشەنگی رێبەربەرانی ئەم هەرێمەی بلژیک لە دەورانی شەڕی داعشدا دەیان پێشمەرگەی برینداری هێنرانە بلژیک و پێداوییستیی دەرمانییان بۆ کرا.