کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی دەستنیشانکراوی ڕێژیم داوای مووشەکبارانی بارەگاکانی "جەیشو‌لعەدل" دەکات

18:07 - 30 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیسی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە بنکە و بارەگاکانی "جەیشولعەدل" مووشەکباران بکرێت.

ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲۲ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۸ی زایینی، "حوسێنعەلی شەهریار" نوێنەری دەستنیشانکراوی ڕێژیم بۆ زاهێدان لە مەجلیس لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیلنا" داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لە بەرانبەر بە دیل‌گرتنی هێزەکانی ئێران لە لایەن ڕێکخراوی "جەیشولعەدل"ـەوە، بنکە و بارەگاکانی ئەو ڕێکخراوەیە له نێو خاکی وڵاتی پاکستان مووشەکباران بکرێت.

ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم لە بەشێکی وتووێژەکەیدا هێرش دەکات سەر وڵاتی پاکستان و ئەو وڵاتە بەوە تاوانبار دەکات کە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و وتی: "حکوومەتی پاکستان هیچکات بەپێی یاسا و گرێبەستە نێونەتەوەییەکان لە ڕادەست کردنەوەی تاوانبارەکان هەڵسوکەوتی نەکردووە".

حوسێنعەلی شەهریار، لە بەشێکی‌ دیکەی قسەکانیدا هێرشی جینایەتکارانەی مووشەکی هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگا و کەمپی ژن و منداڵەکانی حیزبی دێموکراتی وەک نموونە هێناوەتەوە و داوای لە حکوومەت کردووە کە بەو شێوەیە هێرش بکرێتە سەر ڕێکخراوی "جەیشولعەدل".

وتوویشیەتی: "بەداخەوە هیچکات لە لایەن کاربەدەستانی ئێمەوە هێرشێکی هاوشێوەی هێرشی سەر گرووپەکانی نیشتەجێی باکووری عێراق بۆ سەر ئەو گرووپانەی کە لە خاکی پاکستان نیشتەجێن نەکراوە. ئەو گرووپانە وا لە خاکی پاکستان نیشەجێن جێگا و پێگەیان ڕوون و ئاشرایە، بە ڕای من دەبێت هێرشێکی هاوشێوەی هێرشی سەر گرووپەکانی نیشتەجێی باکووری عێراق بکرێتە سەریان. چونکە هیچ هیوایەکمان بە حکوومەتی پاکستان نییە".

هێزە تیرۆریستییەکانی سوپای پاسدارانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ۱۷ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۸ی سپتامبری ۲۰۱۸ی زایینی، بە پێشێل کردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان و بەزاندنی سنوور و سەروەرییەکانی وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر بنکە و بارەگا و کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و بەداخەوە لە ئاکامی ئەو هێرشە دژە مرۆڤانەیەدا دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بوون.