کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران: خۆمان قاچاخچین

12:51 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە ناوەندە دەسەڵاتدارەکان، ئابووریی ئێرانیان بەو ڕۆژە گەیاندووە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان "جەهانبەخش موحبی نیا"، بەناو نوێنەری شارەکانی میاندواو، سائین قەڵا و تیکاب لە دانیشتنێکی فەرمی لە مەجلیسی ڕێژیمدا باسی لەوە کردووە، کە ناوەندە دەسەڵاتدارەکان ئابووریی ئێرانیان بەو ڕۆژە گەیاندووە.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم بێ ئەوەی کە ناوی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران یا باقی ناوەندەکانی سەر بە ڕێبەری ڕێژیم بێنێت، داوای لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم کرد، کە "لە خەو هەستن" و بە جێگای "کایەی پارلەمانـ"ـی سەرچاوەی سەرەکیی قاچاخ لە ئێراندا ببینن.

ناوبرا باسی لەوە کردووە، ناوەندە دەسەڵاتدارەکان بە بیانووی بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان ئابووریی ئێرانیان بەو ڕۆژە گەیاندووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی بەربەرەکانی لەگەڵ گەندەڵییە ئابوورییەکان مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە شتومەکە قاچاخەکان بە شێوەی فەرمی و یاسایی لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هاوردەی ئێران دەکرێن.

ساڵانە بە بەهای ٢٧ میلیارد دۆلار کاڵای قاچاخ هاوردەی ئێران دەکرێ، وەزیری ئابووریی ڕیژیمی ئێرانیش رایگەیاندووە، ٧٠ لەسەدی کاڵا قاچاخەکانی ئێران لە خاڵە سنوورییە نافەرمییەکانەوە هاوردە دەکرێن.

لەم پێوەندییەدا مەسعوود کەرباسیان، وەزیری کاروباری ئابووری و داراییی ڕێژیم، لە پەراوێزی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی جیهانی گۆمرک، وتبووی: "لە سنوورەکانی ئێران بە شێوەی فەرمی هیچ شتومەکێکی قاچاخ هاوردە ناکرێت".