کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆهەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەلماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم بەڕێوە دەچێت.

21:16 - 16 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەلماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم لە شاری لەندەنی وڵاتی بریتانیا بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نۆهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم بە بەشداریی فیلمە کوردییەکان کە بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانین، لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دێکۆمێنتاری، ئەنیمەیشن و کورتە فیلم، بە ناوەرۆکی چیرۆکی و دیکۆمێنتاری لە ڕۆژانی ٢٢ هەتا ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە سینەمای پیکچەرھاوس (Picture House) لە ناوچەی ھەکنێی (Hackney) لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوە دەچێت.

لە پڕۆگرامی ئەمساڵدا ٩ فیلمی بەھێزی درێژخایەن ھەڵبژێردراوە،‌ کە ٧ لەوانە بۆ یەکەمین جارە لە بریتانیا پیشان دەدرێن. ھەروەھا ١١ فیلمی دێکۆمێنتاری و ١٠ کورتە فیلمیش لە پێنجەمین پێشبڕکێی ناوازەی خەڵاتی یەڵماز گۆنەیدا بەشدار دەبن.

فیلمی بیرەوەرییەکانی سەر بەردی شەوکەت ئەمین کۆرکی گوڕێکی تایبەت بە نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەبەخشێت. ئەم فیلمە وەک نوێنەری عێراق لە ھەشتاوھەشتەمین خەڵاتی ئاکادیمیای ئۆسکاردا ھەڵبژێردراوە بۆ باشترین فیلم بە زمانێکی بێگانە.

لەم فێستیڤاڵەدا، ١٠ کورتە فیلمی زۆر نوێ و ناوازە پیشان دەدرێن کە لە ھەر چوار بەشی کوردستان بەرھەم ھاتوون و بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەمساڵی یەڵماز گۆنەی پێشبڕکێ دەکەن.