کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆهەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

16:56 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە سەر دوایین ئاڵوگۆڕی کوردستانی ڕۆژهەڵات و پرسە پێوەندیدارەکان کۆ بوونەوە و  پێشنیاران دا کە ڕۆژی ٣ی خەرمانان وەک ڕۆژی ژینگەپارێزی كوردستان دیاری بكرێت.

نۆهەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٩ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەكە سەرەتا بۆ ڕێزلێنان لە یادی گیانبازی سەرجەم شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بە چەند ساتێک بێدەنگی دەستی پێكرد، هەرەوها بۆ ڕێزلێنان لە یادی هاوڕێی شەهید سۆهەیلا قادری ئەندامی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران چەپکە گوڵێكی ڕێز و وەفاداری بۆ یادی خۆشەویستی دانرا.

دواتر "ساڵح شەریفی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە سەر كار و چالاكی ئەم دەورەیە ڕاپۆرتێكی پێشكەشی بەشدار بووان كرد. پاش ڕاپۆرتەكە دەستوور كاری كۆبوونەوەكە خوێندرایەوە.

 لە سەر چالاكییەكانی ئەم دەورەیەی ناوەندی هاوكاری هەر كام لە نوێنەرانی حیزبەكان وێڕای سپاس وماندوونەبوونی هەموو لایەنەكان لەم قۆناغە لە سەر هەر كام لە خاڵەكانی كۆبوونەوەكە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

بابەتێكی دیكەی كۆبوونەوەكە هەڵسەنگاندنی كردەوە قیزەون و دژە مرۆییەكانی ئەم دواییانەی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو بە تایبەت لە سێدارەدانی سێ بەندكراوی سیاسیی كورد و هەروەها هێرش بۆ سەر بنكەی سەركردایەتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان و فێرگەی سیاسیی نیزامیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە بەداخەوە كۆمەڵێك لە سەركردایەتی، كادر و پێشمەرگەی ئەم دو حیزبە شەهید و بریندار بوون.

تەوەرەیەكی گرینگی كۆبوونەوەكە مانگرتنی سەركەوتووانە و سەرتاسەرییەكەی رۆژی ٢١ی خەرمانانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بوو كە لە لایەن ناوەندەوە وەك رۆژێكی مێژوویی و پڕ دەسكەوەت لە خەباتی جەماوەری و سیاسی پێناسە دەكرێت و ئەو بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە دەنگدانەوەیەكی بەرچاوی هەبوو لە ئاستی هەموو ناوچەكە و میدیاكان و سەلماندی بزووتنەوەی كورد زیندووەو، ئامادەی هەر جۆرە شێوازێكە بۆخەباتی جەماوەری و پشتیوانی لە حیزبی لایەنە سیاسیەكان و هەروەها رۆڵە تێكۆشەرەكانی لە زیندانەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دەسبەرسەرکردن و گرتنی ئەو كەسانە كرا كە لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هۆی بەشدارییان لە خەباتێكی مەدەنی و جەماوەری لە ڕۆژی ٢١ی خەرماناندا ڕەوانەی گرتوخانەكان كراون و لەژێر لێپرسینەوەی دامودەزگا ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دان.

ناوەند داوای کرد ڕێكخراوەكانی مافی مرۆف، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان و ... هتد لە هەمبەر بە هاناچوون و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی دەسبەسەر كراوی مانگرتنەكەی ٢١ی خەرمانانەوە بێدەنگ نەبن و بەرامبەر بە چارەنووسیان هەڵوێستی ئەرێنی بنوێنن و هەر وەها لە خەڵكی تێكۆشەری كوردستان دەخوازێ پشتیوانی ڕۆڵەكانیان بن و بەر هەر شێوازێک كە بۆیان دەكرێ بۆ ئازادی و ڕزگاریی بەندكراوەكانی مانگرتنەكەی كوردستان تێبكۆشن.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە رێزگرتن لە یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان بوو كە لە ٣ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بە هۆی ئاگركەوتنەوە لە ژینگەكانی كوردستان لە ناوچەی مەریوان بۆ پاراستنی جوانیی و ژینگەی كوردستان گیانی ئازیزیان لە دەست دا، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە یادی ئەم شەهیدانە پێشنیار دەكات كە ڕۆژی ٣ی خەرمانان وەک ڕۆژی ژینگەپارێزیی كوردستان دیاری بكرێت و وەک نەریتێكی شۆڕشگێڕانە و ونیشتمانپەروەرانە ئەم ڕۆژە ڕێزی لێبگیردرێت.

نۆهەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی بە پەسەندكردنی چەند بریار لە سەر كار و ئەركەكانی داهاتووی و بەردەوامی و چالاکكردنەوەی هەرچی زیاتری ناوەند كە چەند كاتژمێری خایاند دوای لە كەش و هەوایەكی دۆستانە كۆتایی پێهات.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٧ هەتاوی
٢٩ی سێپتامبری ٢٠١٨ زایینی

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بریتین لە:
حیزبی دێموكراتی كوردستان
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران