کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیتانیاهوو: ئیسرائیل و ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران، ئەرکەکانیان دابەش کردووە

10:20 - 15 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەرکەکانیان دابەش کردووە.

 بێنیامین نیتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتی ئیسرائیل، لە وتارێکدا لە زانکۆی سەربازیی "برایلانـ"ـی شاری "ڕەمەت گەنـ"ـی ئەو وڵاتە، لە نێو خوێندکارە سەربازەکان ئاشکرای کرد، کە ئیسرائیل و ئامریکا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکی و هەوڵە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و کردەوەکانی لە نێوخۆی ئێراندا، ئەرکەکانیان دابەش کردووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: زێدەڕەوییەکانی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆی ئێران و وڵاتانی تر لە ناوچەکەدا، بووە هۆی دابەشکردنی ئەرکە پێسپێردراوەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ئیسرائیل، بە شێوەیەک کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕووی ماڵیی و ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ببێتەوە و ئیسرائیلیش ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران بگرێتە پێش.

نێتانیاهوو، لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل لێبڕاوانە لە ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی بەرانبەر بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کە بە ئاشکرا باسی لەنێوبردنی وڵاتی ئیسرائیل دەکات، بە هەموو شێوەیەک بەرگریی دەکات.

هەروەها ئاماژەیەکی تایبەتی بە هەوڵە ئاژاوەگێڕانە و تێرۆریستییەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە خاکی سووریە کرد و ڕاشی گەیاند، ئیسرائیل لێبڕاوانە بۆ پێشگرتن بە جێگیربوونی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریە تێکۆشانی خۆی درێژە پێ دەدات و هەتاکوو ئێستاش زیاتر لە دووسەد هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووەتە سەر بنکە و بارەگا جێگیربووەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران لە سووریەدا.