کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"نیوەی مانگ\"ی بەهمەن قوبادی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆمیكی سوید نمایش کرا

15:06 - 1 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی نیوەی مانگ لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد، لە بەشی سەرەكیی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆمیكی وڵاتی سوید نمایشکرا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی نیوەی مانگ ( Half Moon) لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی سەرەكیی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆمیك لە سینەما مۆرتیز لە شاری ستۆكهۆڵمی وڵاتی سوید نمایش كرا.

ئەم فێستیڤاڵە بە پێی گرینگیدان بە پێكەنین لە كەلتوور و دابونەریتە جۆراوجۆرەكانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها بە مەبەستی كەڵك وەرگرتن لە ژانری كۆمیكی سینەمایی بۆ وەپێكەنین هێنان و خۆشحاڵكردنی خەڵك بە یارمەتیی وەزارەتی كەلتووری وڵاتی سوید و ئەنستیتۆی فیلمی سوید دامەزراوە.

یەكەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆمیك بە بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە، مەكزیك، ئێران، بلژیك، چین، هۆنگ كۆنك، توركیە، هیندوستان، فەلەستین و هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەندی ناوداری كۆمێدیەنی سینەما و تەلەفزیۆن و هەروەها بەڕێوەبردنی چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەی كۆمیك بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری ستۆكهۆڵمی وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی نیوە مانگ هەتا ئێستا لە ٦٠ فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی دنیادا دەرکەوتووە و ١٠ خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیشی بەدەست هێناوە کە بریتین لە:
ــ سەدەفی زێڕینی باشترین فیلم و باشترین بەڕێوەبەری وێنەگرتن لە ٥٤مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سباستییەن لە ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٦
ــ خەڵاتی باشترین فیلمی هەڵبژاردەی بینەران لە بەشی نێونەتەوەییدا لە ٢٦مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ئیستانبول لە توركیە لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی
ــ خەڵاتی ئامنێستی Amnesty لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەربەخۆ ئیندیلیزبوا Indielisboa لە پورتەغاڵ لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی
ــ خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ترایبكا لە ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی
ــ خەڵاتی گەورەی گراندپریكس لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆراسیا لە قەزاقستان لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی
ــ خەڵاتی یەكەمی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئۆجای لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا لە ساڵی٢٠٠٧ی زایینی
ــ فیلمی هەڵبژاردەی رۆژنامەی تایمزی بریتانیایی وەكوو یەكێك لە ١٠٠ فیلمی سەركەوتووی سینەمای جیهان لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی و هەروەها چەندین خەڵاتی نێونەتەویی دیكە.

هەروەها كۆمپانیای فیلمی مەچ فەكتۆری Match Factory فیلمی نیوەمانگی لە ئاستی دنیادا بڵاوكردەوە كە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چووە سەر پەردەی سینەماكان و لەلایەن بینەرانی نەتەوە جۆراوجۆرەكانەوە پێشوازیی لێكرا.