کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: شۆرای مافی مرۆڤ لە بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری خەڵکی ئیران بێدەنگ بووە

18:12 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کردووە، کە شۆرای مافی مرۆڤ لە بەرامبەر خۆپیشاندەران لە ئێراندا، تاوانبار و کەمتەرخەم بووە.

نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، باسی لەوە کردووە، کە شۆرای مافی مرۆڤی ئەو ڕێکخراوەیە، لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان هیچ دژکردەوەیەکی نەبووە و بێدەنگیی شۆرای مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنێکدا لە "بونیادی هێرتیج" بە ئاماژە بە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، باسی لەوە کردووە کە ئەو ڕێژیمە، ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە کوشتن و بڕین و دەسبەسەرکردن وڵام داوەتەوە و شۆرای مافی مرۆڤیش لەو بارەوە بێدەنگ بووە.

نیکی هێلی، لەو دانیشتنەدا باسی لەوە کردووە، کە مافی مرۆڤ بۆ دەوڵەتی ئامریکا زۆر گرنگە و کەمتەرخەمییەکانی شۆرای مافی مرۆڤ، هۆکاری چوونەدەرەوەی ئامریکا لەو شۆرایەیە.

هەروەها، باسی لەوە کردووە، کە گەندەڵیی سیاسی و بەزاندی سنوورە ئێخلاقییەکان، شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی تووشی کێشە کردووە و ئامریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات.

لە کاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی خەڵکی ئێران، لانیکەم ٢٥ کەس کوژران و سەدان کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس دەسبەسەر کراون و ڕێژیم لە هەموو ڕێگەیەک بۆ سەرکوتی خەڵکێکی ناڕازی کەڵکی وەرگرتووە، کە لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان خۆپیشاندانیان وەڕێ خستبوو.