کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێلی: کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە

17:36 - 28 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بوون و سەرکوتی دانیشتووانی ئێران، هۆکاری سەرەکی گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمەن.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی هەواڵدەریی "فاکس نیوز" نیکی هێلی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە یەکەم وتاری خۆیدا پاش گەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، بە توندی هێرشی کردە سەر ئێران و ڕایگەیاند: ئێران منداڵانی کەم تەمەنی دانیشتووی ئەو وڵاتە چەکدار دەکات و بۆ مەبەستە تیرۆریستییەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی لە وڵاتی سووریە بەکاریان دەهێنێت.

نیکی هێلی لە درێژەی قسەکانیدا چەکدار کردنی منداڵانی کەم تەمەن لە لایەن دەزگای "بەسیج"ـی سەر بە سوپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەکارهێنانی سەربازی لە وڵاتی سووریە بە توندی سەرکۆنە کرد و وتی: "دەزگای بەسیج منداڵانی کەم تەمەنی دانیشتووی ئێران بەتایبەت منداڵانی پەنابەری ئەفغانی لەو وڵاتە کە تەمەنیان تەنیا ۱٤ ساڵە چەکدار ئەکات و بە مەبەستی سەربازی لە وڵاتی سووریە کەڵکیان لێوەردەگرێت، ئەمەش لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە کارێکی پیرۆز ناو دەبرێت، بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو ئەو کردەوەیە ڕەد ئەکەنەوە و بە کردەوەیەکی نەشیاو و قیزەونی دەزانن".

نوێنەری ئامریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەشێکی‌تری قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەر تاک، لایەن یان کۆمپانیایەک لەگەڵ دەزگای بەسیج و سوپای پاسداران هاوکاری ئابووری هەبێت، لە هەناردنی منداڵان بۆ بەرەکانی شەڕ لە سووریە و وڵاتانی دیکەی ناوچە و کوژرانی ئەو منداڵانە، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستی هەیە.
نیکی هێلی ئاشکراشی کرد کە شێوەی پەروەردە کردن و بارهێنانی منداڵان لە ئێراندا بە مەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ یان بەکارهێنانی سەربازی، سی ساڵ پێش لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی پێکردووە؛ وتیشی: "وەبیرتان ئەهێنمەوە کە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێزی خۆبەخشی پیاوان کەمی هێنا و پەنای  بۆ ژنان، لاوان و مێرمنداڵان تەنانەت منداڵانی کەم تەمەنی قوتابخانەکان برد و ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوەی شەڕی کردن. ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمان ئەو کردارە نەشیاوانە سەرلەنوێ دووپات ئەکاتەوە".

ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی "ڕاهیانی نوور" ڕاهێنانی سەربازی بە منداڵان و مێرمنداڵانی کەم تەمەنی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەکات، تاکوو بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لە وڵاتی سووریە، ڕەوانەی بەرەکانی شەڕیان بکات و تەنانەت لەو پێناوەشدا بە کوشتنیان بدات.