کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانی بەرپرسانی وێنێزۆئێلا لە هەمبەرهەبوونی کەشتییەکانی ئێران لە سنووری دەریایی ئەو وڵاتە

17:06 - 19 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی وڵاتی وێنێزۆئێلا لە هەمبەر هەبوونی کەشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری دەریایی ئەو وڵاتە نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

ڕووسیو سێن میگل، بەرپرسی ڕێکخراوی "بەڕێوەبەرایەتی سیودادانۆ"ـی وێنێزۆئێلا کە ڕێکخراوێکی ناحکوومەتیی ئەو وڵاتەیە و چاودێریی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەکات، ڕایگەیاند: "هاتنی کەشتییەکانی ئێران بۆ سنووری دەریایی وڵاتی وێنێزۆئێلا ئاسایش و ئارامی ناوچەکە تێک دەدات" و هەروەها بەرپرسانی وڵاتی "وێنێزۆئێلا"ـش لەمبارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕی.

ڕووسیو سێن میگل، بە ڕۆژنامەی "میامی هێراڵد (Miami Herald)"ـی ویلایەتی "فلۆریدا"ـی ئەمریکای ڕاگەیاند، بە هاتنی کەشتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سنووری دەریایی ئەو ناوچەیە هەلومەرجێکی نالەبار و نەگونجاو دێتە ئاراوە، لە ئاکامدا هەموو ئەو چواردە وڵاتەی کە لەگەڵ وڵاتی وێنێزۆئێلا هاوسنوورن، ئەو کارەی ئێرانیان پێ قبووڵ ناکرێت.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بە قسەکانی "توورەج حەسەنی مۆقەدەم" جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران کرد کە پێشتر وتبووی، لەوانەیە دوو یان سێ لە کەشتییە شەڕکەرە نوێیەکانی ڕێژیمی تاران وەکوو ناوشکێنەکانی سەهەند ڕەوانەی ئەو ناوچانە بکرێن و بەرەو سنووری دەریایی وێنێزۆئێلا و ئامریکای باشوور بەڕێ بکەوەن.

بەرپرسانی وڵاتی وێنێزۆئێلا لە سەر ئەو بڕوایەن کە هاتنی کەشتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سنووری دەریایی ئەو وڵاتە، کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە و ئەم کارەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ئاسایش و ئارامی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی وڵاتی وێنێزۆئێلا و چواردە  وڵاتی هاوسنووری ئەو وڵاتە، تێک دەدات.