کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهو؛ لە ڕۆژانی داهاتوودا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دژ بە ئێران لە سووریە بەڕێوە دەبەین

17:26 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، لە وتارێکدا جاڕێکی‌تر هەڵوێستی وڵاتەکەی دژ بە دەست تێوەردانەکانی ئێران و جێگیر بوونی هێزە میلیشیاکانی ئەو ڕێژیم لە سووریە دووپات کردەوە.

بنیامین نێتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، ئێوارەی دووشەممە ۲۳ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەرانبەر ۱۵ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۸ی زایینی، لە وتارێکی خۆیدا بەبۆنەی کرانەوەی خولی زستانی کەنست (پارلمانی ئیسراییل)، جارێکی‌تر هەڵوێستی وڵاتەکەی دژ بە دەست تێوەردانەکانی ئێران و جێگیر بوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە نێو خاکی سووریە دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ پێش گرتن بە مانەوە و پەرەپێدانی هێزەکانی ئێران لە سووریە، ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەڕێوە دەبەین.

نێتانیاهو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانی حکوومەتەکەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دژایەتییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕاییلە کە ئەیهەوێت بە کردەوە جێبەجێیان بکات و وتیشی: "لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێژیمی ئێران لە ناو خاکی سووریە جووڵەیەکی سەربازی دەکەین".

سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوەڕوانی یارمەتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە تاکوو بتوانێت گوشاری ئابووری زۆرتر بخەنە سەر ئێران.

بەرپرسانی ئیسراییلی پێشتریش لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە سەر جێگیربوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە ڕەخنەیان گرتووە و نیگەرانی خۆیان لە هەمبەر مەترسیدار بوونی هێزەکانی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی وڵاتی ئیسراییل دەربڕیوە.

لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئیسراییل چەندین جار بە فڕۆکە شەڕکەر و مووشەکەکانی خۆی هێرشی کردووەتە سەر مۆڵگە و بنکەکانی لقی قۆدسی سپای تیرۆریستی پاسداران و میلیشیا چەکدارانی سەر بە ئێران لە سووریە و زیانێکی بەرچاوی گیانی و ماڵییان بەو ڕێژیمە گەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر بەردەوامی هێرش و هەڕەشەکانی ئیسراییل بۆ سەر بنکەکانی ئێران لە سووریە، بێ دەنگییان هەڵبژاردووە.

وڵاتی ئیسراییل بەردەوام جەختی لە سەر پاڵپشتی ئێران بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە و بە سپۆنسەر و سەرچاوەی تیرۆر لە جیهان و ناوچەکەیان زانیوە، ئەمەش بە مەترسیەکی گەوری بۆ سەر ئاسایشی جیهان ناو دەبن.