کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: بەرپرچی هەموو هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دەدەینەوە

12:32 - 7 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕای گەیاندووە، کە وڵاتەکەی لە هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە بەهێزبوونی پێگەی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکی، خۆی نابوێرێت.

بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی دەوڵەتدا باسی لەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین، لە سووریە سەقامگیر بێت و هیژموونی سەربازیی خۆی بسەپێنێ.

ناوبراو ڕای گەیاندووە: " ئێمە بە هاوکاریی ئامریکا ئیزن نادەین، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و هاوکاتیش پێش بە گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ لە سووریەوە بۆ لوبنان، یان سازکرانیان لە لوبناندا دەگرین، ئەو چەکوچۆڵانە دژ بە ئێمە سازکراون و لەنێوبردن و پێشگرتن لە گواستنەوەیان بە مافی ڕەوای خۆمان دەزانین".

شەوی پێنجشەممە و ڕۆژی شەممە، بۆ دووهەمین جار یەک لە دوای یەک، فڕۆکەخانەی زبعەی سووریە کە لە نزیک سنوورەکانی لوبناندا هەڵکەوتووە، لە لایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بۆردمان کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، ئەو فرۆکەخانەیە بنکەی ئەنباری کەرەستە و چەکوچۆڵەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها ناوەندی راوێژکارە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ئەوە یازدەهەمین هێرشە کە لە لایەن وڵاتی ئیسرائیلەوە دەکرێتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵڵای لوبنان و سپای قودسی ئێران لە سووریەدا.