کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو لەسەر مانەوەی ئێران یان بەشار ئەسەد لە سووریە، مامەڵە دەکات

11:57 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشنیاری ئەوەی بە ڕووسیە کردووە، تا لە نێوان چوونەدەرەوەی هەموو هێزەکانی ئێرانی لە سووریە، یان مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، یەکێکیان هەڵبژێرێت.

بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە هاوکات لەگەڵ عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی چووەتە مۆسکۆ، سەبارەت بە چارەسەریی قەیرانی سووریە، پێشنیارێکی ڕوون و کۆنکرێتی خستووەتە بەردەم ڕێبەرانی ڕووسیەوە.

نێتانیاهوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، گەیشتووەتە ڕووسیە، ناوبراو بە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، کە ئەگەر هەموو هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە بکرێنە دەرەوە، ئیسرائیل هیچ کێشەیەکی لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەد لە پۆستەکەیدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، نێتانیاهوو بە پووتینی ڕاگەیاندووە: "ئێمە دژ بە مانەوەی بەشار ئەسەد لە پۆستەکەی نین، بە مەرجێک کە ئێوە هەموو هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بکەنە دەرەوە".

هاوکات لەگەڵ سەفەری نێتانیاهوو بۆ ڕووسیە، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، بە نوێنەرایەتی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بۆ گەیاندنی پەیامێکی تایبەتی خامنەیی بە دەستی پووتین، سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژێک پێش لە سەفەری ویلایەتی، باسی لەوە کردبوو، کە پەیامی ویلایەتی بۆ پووتین، جەخت کردنەوەیە لەسەر بەرینتر کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیە.

ناوبراو هەروەها ئەو سەفەرەی ویلایەتیی بۆ داهاتووی ڕێژیم بە زۆر گرینگ باس کردووە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی بەردەوام ڕایانگەیاندووە: "بە هیچ شێوەیەک بنکەی سەربازی و مانەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر خاکی سووریە و بەتایبەت نزیک سنوورەکانی خۆیان قەبووڵ ناکەن و هەموو بنکەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا دەکەنە ئامانجی مووشەکەکانیان".