کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو لەگەڵ بەرپرسانی ئورووپایی دیدار دەکات

11:51 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی  ئیسرائیل لە بارەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، لە ناوچەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئورووپایی کۆ دەبێتەوە.

ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، "بێنیامین نێتانیاهوو" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ چەند وڵاتی زلهێزی ئورووپایی، سەردانی ئورووپا دەکات.

نێتانیاهوو لەو دیدارەی خۆیدا، لە بارەی دەستێوەردان و چۆنیەتی پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەک ئەتۆمی گفتوگۆ دەکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی دەوڵەتدا باسی لەوە کردبووە کە بە هیچ شێوەیەک ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین، لە سووریە سەقامگیر بێت و هیژموونی سەربازیی خۆی بسەپێنێ.

ناوبراو جەختی کردبووە: " ئێمە بە هاوکاریی ئامریکا ئیزن نادەین، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و هاوکاتیش پێش بە گواستنەوەی چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ لە سووریەوە بۆ لوبنان، یان سازکرانیان لە لوبناندا دەگرین، ئەو چەکوچۆڵانە دژ بە ئێمە سازکراون و لەنێوبردن و پێشگرتن لە گواستنەوەیان بە مافی ڕەوای خۆمانی دەزانین".

لەو پێوەندییەشدا "مایک پێنس"، جێگری سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، کاتژمێرێک پاش ڕێوڕەسمی کرانەوەی باڵوێزخانەی نوێی ئامریکا لە شاری ئورشەلیم، لە ئاخاوتنێکدا هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر سەروەریی ئیسرائیل مەحکووم کرد و ڕای گەیاند: "وڵاتەکەی بەڵێن بە جیهانیان دەدات، کە هەرگیز ڕێگا بە ڕێژیمی ئێران نادات، کە چەکی ناوکی ساز بکات".