کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: ئەگەر پێویست بکات هێرشەکانمان بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا زیاتر دەکەین

12:09 - 3 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە جەختی کردەوە، کە ئەگەر پێویست بکات هێرشە نیزامییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر هێزەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتی سوریەدا زیاتر دەکات.

بنیامتن نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کاردانەوەیەکی نوێدا، سەبارەت بە هاتنەدەرەوەی ئامریکا، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر پێویست بکات هێرشە نیزامییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا بەرینتر دەکەن.

ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "هارتێز"، ئاماژەی بەم لێدوانە نوێیەی نێتانیاهوو کردووە و نووسیویەتی: " نێتانیاهوو لە دوای لێدوانی فەرماندەی هێزەکانی ئەم وڵاتە، ئەم قسانەی کردووە، کە وتبووی: گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە بەرچاون، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە نائاسایی دەردەکەوێت".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنی هەیئەتی وڵاتەکەی ڕایگەیاندبوو: کە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە سوریە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتەدا نییە و ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە سووریە بەردەوام دەبێت و لە کاتی پێویستدا فراوانتری دەکات.

هەروەها لە درێژەدا وتبووی: "من دەمەوێت دڵنیایی بەو کەسانە بدەم، کە لە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە سووریە نیگەرانن و ئەوەیان پێ بڵێم، کە هاوکاریی ئێمە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، لە بەشە جیاوازەکانی: (زانیاری، چالاکی و بەشی ئەمنیەتی) درێژەی دەبێت".

پێشتر ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاوی کردبووەوە: کە دەوڵەتانی عەرەبی، ڕووسیە و ئیسرائیل لە دانیشتنێکی نهێنیدا لەسەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریەدا دەر بکەن.