کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێونجی داهاتی خەڵکی ئێران، ٧٠ لەسەد لە خوارەوەی هێڵی هەژاریدایە

13:47 - 30 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بانکی جیهانی لە نوێترین بەراوردی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە نێونجی داهاتی خەڵکی ئێران، ٧٠ لەسەد لە خوارەوەی هێڵی هەژاری لە ئاستی جیهانیدایە.

لە نوێترین بەراوردی بانکی جیهانیدا، هیڵی هەژاری بۆ ئەو وڵاتانەی کە داهاتەکەیان لە سەرەوەی ئاستی نێونجیدایە، ٦٠ وڵاتی وەکوو ئێران، تورکیە، بێرزیل، چین و ڕۆمانی لەخۆ دەگرێت، کە بەرامبەری داهاتی ڕۆژانەی ٥.٥ دۆلار براورد کراوە.

بەو واتایە، هەر شارۆمەندێکی ئێرانی بۆ ئەوەی کە لە سەرەوەی هێڵی هەژاریدا جێ بگرێت، دەبێ ڕۆژانە ٥.٥ دۆلار داهاتی هەبێت، لە حاڵێکدا نێونجی داهاتی هەر شارۆمەندێکی ئێرانی،  ٣.٢ دۆلارە.

بەم پێیە، هەر ئێرانییەک بۆ ئەوەی کە ئاستی ژیانی لە سەرەوەی هێڵی هەژاریدا بێت، دەبێ ساڵانە نزیک بە ٢٠٠٧ دۆلار داهاتی هەبێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر شارۆمەندێکی ئێرانی کە لە شارەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، بە شێوەی نێونجی ٣.٢ دۆلاریان داهات هەیە و هەر تاکێک کە لە گوندەکاندا ژیان بەسەر دەبات، ١.٧ دۆلار داهاتی هەیە. 

نێونجی داهاتی ڕۆژانەی گوندنشینەکانی ئێران لە خوارووتری ئەم هێڵەدایە کە بانکی جیهانی ڕایگەیاندووە.