کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی بوودجە قەتارەکانیشی ڕاگرت

11:00 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی، به هۆی نەبوونی بوودجە و زۆربوونەوەی تێچووەکان، هاتووچۆی قەتارە خێراکانی ناوگانی هاتووچۆی ڕێگای ئاسنی ئێرانی ڕاگرت.

ڕاگرتنی هاتووچۆی قەتارە خێراکانی ئێران، له ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ ی بەفرانبارەوە ڕاگیراوە؛ ڕاگیرانی ئەم قەتارانە لابردنی ٢ هەزار کورسی و هەروەها ٣٥٠ دەرفەتی کاری بەدواوە بووە.

گرینگی نەدانی بەرپرسانی ستادی ئابووری ڕێژیم به گەشەی تۆڕی ڕێگای ئاسنی، زۆربوونەوەی تێچووەکانی بەشی ڕاگرتن و چاککردنەوەی ناوگانی قەتارەکانی بەدواوە بووە، کە ئێستاکەش بووەتە هۆی نەمانی قەتارە خێراکان له تۆڕی هاتووچۆی ئێراندا.

بەپێی زانیارییەکان تێچووی ڕاگرتنی قەتارە خێراکان به سەرنجدان به زۆربوونەوەی نرخی ئەرز، نزیک به ٢٥٠ لەسەد زیادی کردووە، بە چەشنێک که تێچووی کڕینی گیربۆکسێکی ئەم قەتارانە، بە قەدەر تێچووی کڕینی واگۆنێکە.

سیستەمی هاتووچۆ و گواستنەوەی ئێران بە توندی داڕزیوە؛ بەرپرسانی ڕێژیم بەتەما بوون که پاش ڕێککەوتنی بەرجام ئاوڕێک لەو سیستمە بدەنەوە، بەڵام به هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆوەکان، هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ باشترکردنی دۆخی گواستنەوە بێئاکام مایەوە.

نەبوونی بوودجە، بەتایبەت بۆ ساڵی داهاتوو، زۆربەی ڕێکخراو و ناوەندەکانی ڕێژیمی تووشی کێشە کردووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، وەزیری بێهداشتی ڕێژیم، بە هۆی نەبوونی بوودجە دەستی لە کار کشایەوە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بوودجەی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامی لە حاڵی زیادبوونە.