کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی خزمەتگوزاری لە شاری مەهاباد، کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە

13:51 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی پێڕانەگەیشتن بە دۆخی نالەباری پارک و پیادەڕۆکانی شاری مەهاباد، کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ خەڵک دروست بووە.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی بارودۆخی خراپی پارکەکانی نێو شاری مەهاباد و بوونی کەرەستەی کۆنی یاریکردن، مەترسی بۆ گیانی منداڵان دروست بووە.

 بەم هۆیەوە، منداڵانی ئەو شارە زۆر جار لەسەر ئەو کەرەستانە بریندار دەبن یان بەهۆی ناستانداردبوونی ئەم کەرستانە، مەترسیی بەربوونەوەیان لەسەرە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرتەسکبوونی پیادەڕۆکان لەنێو شاردا، کێشەی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە، بەم هۆیەوە خەڵک ناچارن بە سەر شەقامەکاندا هاتوچۆ بکەن کە زۆر جار ڕووداوی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی ئەم دۆخە هەڵنەگرتووە و هیچ ئاوڕێک لە دۆخی ئەو شارە نادەنەوە.