کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی شارەداری لە شنۆ کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە

18:13 - 31 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری نێو شاری شنۆ و گوێنەدانی بەناو بەرپرسانی ئەم شارە، ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی ئەوەی کە شارەداری شاری شنۆ ماوەی چەندین ڕۆژە دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە، ئەو شارە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ ناکرێت و کێشە و گرفتیکی زۆر بۆ خەڵک دروست بووە.

دوای دەست لەکار کێشانەوەی شارەداری شاری شنۆ، ئێستا شارەداریی ئەم شارە لە لایەن سەرپەرستەوە ئیدارە دەکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژە زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لە کوچە و شەقامەکانی شاری شنۆ بڵاو بووەتەوە کە بەرپرسانی ڕیژیم لەم شارە ئاوڕێکی لێ نادەنەوە، بەم هۆیەوە خەڵکی ئەم شارە بە نیشانەی  ناڕەزایەتیدەڕبرین، ئەم زبڵ و پاشماوەیان لە بەر دەرگای شۆرای شاری شنۆ فڕێ داوە.

بەرپرسانی شارەداریی ڕێژیم لە شنۆ، خۆیان لە ئاست خاوێنکردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵەکان بێخەم کردووە و بەم هۆیەوە، سیمای شار تێکچووە و بۆنی زبڵەکان بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتیی خەڵکی ئەو شارە و بەرپرسانی بێکیفایەتی ئەو شارە هیچ ئاوڕێک لەو دۆخە نادەنەوە.

هەروەها کرێکارانی شارەداریی شاری شنۆ، چەندین مانگە موچەی خۆیان وەرنەگرتووە و ئەم قەیرانە، بەگشتی هەموو شارەدارییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە.