کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی مامۆستا و بەجێمان لە خوێندنی منداڵان، کێشەیەکی نەبڕاوەیە

11:56 - 13 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی، بە شێوەی جیددی لەگەڵ کێشەی کەمیی مامۆستا بەرەوڕوون کە دەبێتە هۆی نەخوێندەواری و خاوبوونەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا.

"محەممەد بەتحایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە: "سەرەڕای هەوڵەکانمان لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، بۆ سازماندانی هێزی مرۆیی لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێناندا، تا ئێستاش ١٠٨ هەزار کەس کەمیی مامۆستامان هەیە".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "٣٠ لەسەدی قوتابخانەکانی وڵات مەترسیدارن و ڕەوتی خانەنشینی و لەولاشەوە ڕێژەی خوێندکاران ڕووی لە هەڵکشانە".

هەر لەو پێوەندییەدا، "مەجید یەزدان پەنا"، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ڕەزبەر، لە ١٢یەمین کۆنفڕانسی مافی منداڵاندا، وتی کە ١٢هزار منداڵی نەخوێندەوار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە.

ناوبراو لەو کۆنفڕانسەدا کە لە یەکێک لە بیناکانی پارێزگاریدا بەڕێوەچووبوو وتوویەتی: "لە ئەمساڵدا، لە قۆناغی تەمەنیی ٦ تا ١١ ساڵەدا، ٢ هزار و ٧٥٧ منداڵ ناونووسییان نەکردووە کە لەو ڕێژەیە، هەزار و ٤٧ کەسیان لە خوێندن بەجێماون".

ئەم گرفتانە لە حاڵێکدایە کە لە ئێراندا کێشەی بێکاری بەرەوڕووی مامۆستایانی قوتابخانەکان بووەتەوە و مامۆستایان بەرانبەر بەو دۆخە ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەنجام دەدەن. بەرپرسانی ڕێژیمیش بەردەوام ئەم پرسانە پشتگوێ دەخەن.