کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی مامۆستای قوتابخانە هەڕەشە لە پەروەردەی قوتابییان دەکات

13:34 - 17 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: قوتابخانەکانی ئێران لە دۆخێکی زۆر نالەباردان، بەشێکی زۆری قوتابییەکان لە خوێندن بێبەشن و لە لایەکی دیکەوە کەمیی مامۆستای قوتابخانە لە ئێراندا هەیە کە لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا ئەگەر چارەسەر نەکرێت، هەڕەشەیەکە بۆ سەر سیستمی پەروەردەی ئێران.

"مەسعوود سەقفی"، یەکێک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی: ''نەتەنیا لە تاران، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی لە ئێراندا، لەگەڵ نەبوونی مامۆستا بەرەوڕووین".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە: "ئەگەر هەتا ٥ ساڵی داهاتوو کێشەی نەبوونی مامۆستا چارەسەر نەکرێت، ئێمە لەگەڵ سۆنامیی کەمیی مامۆستا بەرەوڕوو دەبینەوە".

لە ئەمساڵدا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار قوتابی لە ئێراندا دەرس دەخوێنن، بەڵام ئەو قوتابییانە لەگەڵ کێشەی کەمیی مامۆستا و قوتابخانە بەرەوڕوون".

لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی شارە لافاولێدراوەکان قوتابخانەیان نییە یان لە کانێکسدا دەژین.

بەشێکی زۆری مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران بە شێوەی "حق التدریس" کار دەکەن، ئەوەش کێشەیەکی دیکەی قوتابخانەکانی ئێرانە.

نەبوونی فەزای ئامووزشی و بەتایبەت نەبوونی قوتابخانە لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی لە کوردستان و ئێراندا، یەکێک لە کێشەکانی دیکەیە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابی بەوهۆیەوە لە خوێندن دوور دەکەونەوە و بنەماڵەی قوتابییانیش بەهۆی هەژاری و نەبوونی شوێن و کات، توانایی ناردنی منداڵەکانیان بۆ شارەکانی دەوروبەر نییە.

بەپێی ئامارەكانی خودی ڕێژیمی ئێران، زۆربەی قوتابخانەكانی پارێزگاكانی كوردستانی ئیران پێویستیان بە نوژەنكردنەوە هەیە.