کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشانی "تالاسمی" سێ مانگە چاوەڕوانی دەرمانن

13:44 - 1 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: نەخۆشانی "تالاسمی" لە ئێراندا، بەهۆی نەبوونی دەرمان، لە دۆخیکی مەترسیداردا بەسەر دەبەن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشانی تالاسمیی ئێران وتوویەتی: "نەخۆشانی تالاسمی کە ڕێژەیان دەگاتە ٨٠٠ کەس، ماوەی ٣ مانگە بۆ وەرگرتنی دەرمان چاوەڕوانن. یەک دانە حەب کە بۆ ئەو نەخۆشییە هاوردە دەکرێت، لە بازاڕە ئازادەکانی ئێراندا بە ٢٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت".

نەخۆشێکی تالاسمی دەبێ بە شێوەی نێونجی، ڕۆژانە ٤ دانە حەب بەکار بهێنێت و ئەمە بە واتای ئەوەیە کە بۆ ئەم ٤ حەبە دەبێ ٨٠ هەزار تمەن پارە بدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەم ئەنجومەنە هەروەها وتی: "کەمبوونی ئەم دەرمانە پێویستە، گیانی منداڵانی تووشبوو بەم نەخۆشییەی خستووەتە مەترسییەوە. لە بواری بەرهەمهێنانی ئەم درمانە لە نێوخۆی وڵاتدا لە دۆخێکی خراپداین".

بەهۆی دەست نەکەوتنی ئەم دەرمانە، هەندێک دەرمانی جێگرەوە ڕەوانەی بازاڕ کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی خولقانی کێشەی تر.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی پشتیوانی لە نەخۆشانی تالاسمی، لەمبارەوە وتی: "گۆڕینی بەردەوامی دەرمانەکان بۆ نەخۆشانی تالاسمی دڵخۆشکەر نییە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم نەخۆشانە تووشی ئازاری ڕۆحی بن. هەروەها لە دەرمانکردنی خۆیان بکشێنەوە و ئەمەش بەرزبوونەوەی مەرگی تووشبووانی لێدەکەوێتەوە".