کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی کرماشان ئیمکاناتی پزیشکیان نییه

11:47 - 22 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: نەخۆشخانەکانی پارێزگای کرماشان سەرەڕای ئەوەیکە پرتووکاون لە ئیمکاناتی پزیشکیش بێبەرین؛ ئەوەش کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

بەرپرسێکی ڕێژیم بەناوی مەحموود ڕەزامۆرادی لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندووە: "بەداخەوە لە پارێزگای کرماشان ڕێژەی پزیشکەکان بە نیسبەت نەخۆشەکان زۆر کەمترە. نەخۆشخانەکان ئیمکاناتی پزیشکیان نییە و نوێترین نەخۆشخانەی ئەو پارێزگایە زیاتر لە ١٢ ساڵە دروست کراوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران دانی بەوەش داناوە کە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە زۆر کۆن و پرتووکاون و هەتا ئێستاش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە هەڵنەگیراوە.

نەبوونی پزیشک  و پەرستاری لێهاتوو لە نەخۆشخانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مۆتەکەی هاووڵاتییانە و ماوە بە ماوە ھەواڵێک لە سەر گیان لە دەستدانی هاووڵاتییەکی کورد بە ھۆی ھەڵەی پزیشکییەوە یان لە بەر نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی بڵاو ئەبێتەوە.

بەشی پزیشکی یەکێک لە بواره گرینگەکانی هەر کۆمەڵگایەکە بۆ گەیشتن به کۆمەڵگایەکی تەندرووست، بەڵام کەمتەرخەمیی  ڕێژیمی ئێران لە کوردستان بەردەوام بووەتە ھۆی مەرگی هاووڵاتییانی کورد.

لەوباریەوە، حەسەن قازی‌زاده هاشمی، وەزیری لەشساغی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، سەرەڕای پرتووکاویی نەخۆشخانەکان، کەمیی ئیمکانات وەکوو نەبوونی تەخت بووەتە هۆی ئەوەیکە کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ هاووڵاتییان درووست ببێت و هەنووکە نەخۆشخانەکانی ئێران ٩٠ هەزار تەختی بەستەریان پێویسته.

ناوبراو مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ باسی لەوە کردبوو کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئێران پرتووکاون و زیاتر لە ٥٠ ساڵه دامەزراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە هەنووکە ٩٠٠ نەخۆشخانە لە ئێران سەرقاڵی خزمەتگوزارین کە لە سەدا ٥٥ی ئەو نەخۆشخانانە پرتوکاون.