کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەخۆشخانەکانی ئێران کەمیی ئامبوڵانسیان هەیە

13:47 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران باسی لە کەمیی ئامبوڵانس کردووە و وتوویەتی کە جێبەجێکردنی تەرم کاری ئوڕژانس نییە.

"پیرحوسێن کەوڵیوەند"، بەرپرسی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٩ی خەرمانان، سەبارەت بە پێویستیی هەبوونی فریاکەوتنی تایبەتی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بۆ گواستنەوەی تەرمەکانی ئەو ڕووداوانە وتی کە گواستنەوەی تەرمەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، لە ئەرکەکانی ئوڕژانس نییە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە گواستنەوەی تەرمەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەبێ لە لایەن "گۆڕستانەکان"، ڕێکخراوەکانی "پزیشکیی یاسایی" و "وەزارەتی وڵات" ڕێک بخرێت، وتی: "ناوی فریاکەوتنە پزیشکییەکان لە خۆیدا دیارە و بۆ کەسانێک کە دەمرن نابێت".

هەر لەو پێوەندییەدا "پەیمان سابر"، بەرپرسی فریاکەوتنی تاران، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، باسی لە کەمیی ٥٠ لەسەدیی ئامبوڵانس لە تاراندا کردبوو.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان لە هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیم، لە حەوتووەکانی ڕابردوودا هونەرمەندەکانی سینەما و سێلێبریتییەکان لە تاراندا، بۆ نەمانەوە لە ترافیک لە ئامبوڵانسی کەسی کەڵکیان وەرگرتووە.