کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوبەخت: فرۆشتنی نەوتی ئێران لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو بووەتەوە

10:41 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی بەرنامه و بوودجەی ڕێژیم، دانی بەوەدا ناوە، که گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا دژی ئێران، هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی تووشی کێشەی جیددی کردووە.

محەممەدباقر نەوبەخت، بەرپرسی ڕێکخراوی بەرنامه و بوودجەی ڕێژیم، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە: "لە هەناردەکردنی نەوتدا به جیددی تووشی کێشە بووینە و وڵات لەگەڵ گەمارۆوەکان ڕووبەڕوویە".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە ٢ میلیۆن و ٤١٠ هەزار بەرمیل نەوت و ٤٧ میلیارد دۆلار داهاتی نەوت، کە لە بوودجەی ساڵی ڕابردوودا پێشبێنی بۆ کرابوو دوور بووینەتەوە".

نەوبەخت بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە، که نەک تەنیا کێشەی کەم فرۆشتنی نەوتیان هەیە، بەڵکوو لە گواستنەوەی ئەرز بۆ نێو وڵاتیش تووشی کێشە بوونە و به هاوردەکردنی نەوتیش پێویستیان به گەشتی هەیە، لە حاڵێکدا که کەرتی کەشتیڕانیش گەمارۆی لەسەرە.

قسەکانی نەوبەخت لە حاڵێکدایە، که حەتووی ڕابردوو، حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا ڕایگەیاندبوو: "فرۆشی نەوت هەر بەو شێوە کە چاوەڕوان دەکرا درێژەی هەیە و ئامریکا بەو ئامانجەی خۆی که بەرگری له هەناردە کردنی نەوتە ناگات".

ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لەم بارەوە نووسیویەتی: "ئامارەکان نیشان دەدەن که گەمارۆوەکانی ئامریکا، زەربەی جیدی لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران داوە، هەناردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ ڕادەی هەناردەکردن لە وەرزی بەهاردا، ٦٠ لەسەد کەم بووەتەوە".

ئۆپێکیش لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کردووە.