کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوت لە بەرامبەر خۆراک پێشمەرجی ئامریکا بۆ کڕیارانی نەوتی ئێرانە

12:48 - 14 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا ٣ پێشمەرجی بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران کە لەلایەن ئەم وڵاتەوە ڕێگەیان پێدراوە بۆ کڕینی نەوتی ئێران، دیاری کرد کە سەرەکیترینیان بریتییە لە پلانی نەوت لە بەرامبەر خۆراک.

ستیڤ مێنۆچین وەزیری خەزێنەداری ئامریکا ٣ پێشمەرجی بۆ ئەو وڵاتانە داناوە کە ئیزنی مامەڵەی بازرگانییان لەلایەن ئامریکاوە لەگەڵ ئێران پێدراوە کە بریتین لە: ١. هیچ ئەرزێک نابێ بە دەوڵەتی ئێران بدرێت، ٢. کڕینی نەوت لانی‌زۆر یەک لەسەر سێی کڕینی پێش لە تەحریمەکان بێت و ٣. کۆماری ئیسلامی تەنیا دەتوانێ لە بەرامبەر فرۆشی نەوتدا خواردن و دەرمان وەربگرێت.

بەوتەی بەشێک لە کارناسانی کاروباری ئێران ئامانجی سەرەکی ئامریکا لە دانانی ئەم مەرجانە بریتییە لە بەستنی ڕێگەی دەسپێڕاگەیشتنی ئامریکا بە سەرچاوەکانی ئەرز و زێڕ کە بەهۆیەوە دراوی ئێران پشتوانەی خۆی لە دەس دەدات و کۆماری ئیسلامیش ناتوانێ درێژە بە تەڕاتێنەکانی خۆی بۆ کاروباری تێرۆریزم لە ناوچە و جیهان بدات.

هەروەها بەم ڕێکارە ئاستی هەڵاوسان لە ئێراندا زیاتر دەبێت و قەیرانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران زیاتر دەبن و ئابووریی ڕێژیم بچووک و بچووکتر دەبێتەوە.