کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەورۆزی خاکیپۆشانی جامانە لە مل، وێستگەیەکی گرنگ بۆ گۆڕانکاری گەورە

13:20 - 6 خاکەلێوه 2719

کاوە بەهرامی

نەورۆزی ۲۷۱۹ی کوردی و نوێبوونەوەی ساڵ و بووژانەوەی سرووشت ، لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتوویی هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی مزگێنی دوارۆژێکی گەش و ئاسۆیەکی روونی وڵاتەکەمانە.

موژدەیەک بۆ زاڵبوونی رووناکی بەسەر تاریکی شەوزەنگ و بیری سەدەناوەراستی وەلایەتی فەقیه و دەست لە ناو دەست بە بڕشتەوە هەنگاوەکانمان بەرەو ئازادی و دابینبوونی مافە نەتەوایەتیەکانمان هەڵبگرین.

ئەوەی جێگای سەرنج و تێرامان و خۆشحالییە ،تاک بە تاکی گەلەکەمان لە خۆرهەڵاتی وڵات ،لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی داوە بە هەر شێوازێکی مومکین کۆمەڵگای جیهانی بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانی ئاگادار بکاتەوە کە نەورۆزی ئەمساڵ ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم داواکارییانە بوو.

لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و جیهانی مەجازیدا، زۆر پەیام و وێنە و جۆش و خرۆشی خەڵکمان بینی کە ئەم پەیامە بۆ هەموو لایەک و بە تایبەت بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی باڵادەستی فارس زۆر گرنگ بوو کە نەتەوەی کورد ئامادەیە بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی لە هیچ چەشنە فیداکارییەک درێغی ناکا و بۆ لابردنی ستەم و چەوسانەوە ، سێدارە و ئەشکەنجە و زیندان نایترسێنێ و ئەم خەباتە لە هەموو ئاستە سیاسی ومەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان بە ورەوە زیاتر لە جاران بەڕێوە دەبات.

ئەوەی دەبێ لەم قۆناغە زیاتر لە هەرکات پەنجەی لەسەر دابنین ، لەقاودانی پیلانەکانی رێژیم و وشیارکردنەوەی گەلەکەمانە کە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .

رێژیم هەوڵی دا لەرێگای جۆراجۆرەوە ئەم یەکریزی و یەکگوتارییە تێک بدا و تەنانەت بە ناردنی چڵکاوخۆرەکانی بە جلی خاکی کوردییەوە هەوڵی سیخۆری و تێکدانی ئەو رێورەسمە بەشکۆیانەی دا کە بە خۆشییەوە بە بەرەنگاری بێ وێنەی خەڵک تێدا سەرکەوتوو نەبوو.

ئەوەی زیاتر لە هەر کات جێگای بەدواداچوونە دیمەنی جاشێکی چڵکاوخۆرە ،کە لەکاتی هەڵپەرینی لاوانی خوێنگەرم بێحورمەتی بە جامانە و لاوان دەکا وجامانەکانیان فڕێ دەدات ، کە هێزە سیاسییە رەسەنەکانی کوردستان و خەڵکی کورد ئەم جۆرە حەرەکەتە نەشیاوانە قەت لەبیر ناکەن ، ئەوەی ئێستا لەبیریانە رێزدانان بۆ جیاوازی بیروراکانە و یەکریزی و تەباییانە.

هێز لە یەکریزیماندایە و هەموومان دەبێ پێکەوە پاڵپشتی راسان بین و لە هەموو رەهەندەکانی خەباتی نوێی خۆرهەڵات بۆ گۆڕانکارییەکان لە ئێران کەڵک وەرگرین.

لاوانی خوێنگەرم و شۆڕشگێڕی کوردستانیش بۆ هەرچی زیاتر قایم و بەهێزکردنی ،هێزی پێشمەرگە دەبێ زیاتر لە جاران روو بکەنە نێو سەفی هێزی پێشمەرگە و شانبەشانی هاوڕێیانیان راسان بگەیەنینە لوتکەی سەرکەوتن.

لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەی نەورۆزی کوردان لە هەموو گەلی کورد ، دەست خۆشی و ماندوونەبونی لە بەڕێوەبەرانی رێورەسمە نەورۆزییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازم.