کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوتەریبیی ئورووپا و ئامریکا و بەسەرچوونی تاقەتی ئورووپا لە بەرانبەر ئێران

11:24 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە چوارچێوەی چاوپێکەوتنێکی پڕ لە گرژی دیپلۆماتکارانی ئورووپایی و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دیپلۆماتکارانی ئورووپایی باسیان لەوە کردووە، کە تاقەتی ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان نەماوە و بڕیاری هاتنەدەرەوە لە بەرجامیان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراو لە ناوەندی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، دوانیوەڕۆی هەینی، ٢٨ی بەفرانبار، باس لە دیدارێکی پڕ لە گرژی، لە نێوان دیپلۆماتکارانی ئورووپایی و بەرپرسانی ئێرانی کراوە، کە ئورووپا تاقەتی لە بەرانبەر هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران تەواو بووە و هەڵویستیان نزیکبوونەوە لە ئامریکایە.

ئەم چاوپێکەوتنە لە نێوان باڵوێزانی فەڕانسە، بریتانیا، ئاڵمان، دانمارک، هولەند و بلژیک لە بینای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە ١٨ی بەفرانبار ئەنجام دراوە، کە دیپلۆماتە ئورووپایییەکان بە ئاشکرا بە ڕێژیمی ئێرانیان وتووە: کە ئیتر تاقەتی تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکییەکان و تێرۆر لە خاکی ئورووپایان نەماوە و لایەنە ئێرانییەکان بە کارێکی نادیپلۆماسی، کۆبونەوەکەیان بەجێ هێشتووە.

یەک رۆژ دوای ئەم کۆبوونەوەیە بوو، کە ئورووپا گەمارۆی خستەسەر سازمانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و ئەم کردارانەی ئورووپا نیشاندەری نزیکبوونەوەی هەڵویستی ئورووپا لە ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانە.